به‌ وێنه‌... به‌ وه‌فاترین و بێ وه‌فاترین یاریزانانی جیهان بناسه‌

په‌یتا په‌یتا پاره‌ وه‌فا و خۆشه‌ویستی له‌ یانه‌كان ناهێڵێت و ئه‌ستێره‌ و یانه‌كان له‌یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه‌

نێیمار بە گواستنەوەی بۆ ریزەکانی پاریس سانجێرمان بووە بەشێک لەو بەرەیەی کە لە هیچ یانەیەک سەقامگیر نابن و ماوە ماوە یانەکانیان دەگۆڕن، لە بەرامبەریشدا ژمارەی ئەو یاریزانانە رۆژ بە رۆژ کەمتر دەبێتەوە کە وەفا و خۆشەویستی هاندەرانی یانەکانیان وایان لێدەکات یانەکانیان بەجیبهێڵن

پەیتا پەیتا پارە مانەوەی یاریزانان بۆ ماوەیەکی درێژ لە یەک یانە ناهێڵێت.

نێیمار داسێلڤا گەرچی تەمەنی ٢٥ ساڵە، کەچی لەوەتەی ٢٠٠٩ ئەوە درێسی سێیەم یانەیە دەیپۆشێت و دوای ئەوەی بە گرێبەستێکی گەورە لە سانتۆسەوە گواسترایەوە بارسێلۆنا، پاریس سانجێرمان بە گرێبەستێکی خەیاڵی بردییە فڕەنسا.

رۆناڵدینهۆ و رۆناڵدۆی به‌رازیلی له‌ كلاسیكۆی ئیسپانیا
رۆناڵدینهۆ و رۆناڵدۆی به‌رازیلی له‌ كلاسیكۆی ئیسپانیا

نێیمار یەکەم یاریزانی بڕازیلی نییە نەتوانێت لە یانەیەک سەقامگیر بێت و پارە بیگوازێتەوە، پێشتریش رۆناڵدینهۆ و رۆناڵدۆ بە درێژایی کاروانی وەرزشییان چەند یانەیەکیان تاقیکردووەتەوە، رۆناڵدۆی دیاردە لە ماوەی ١٨ ساڵ حەوت یانەی تاقیکردەوە، رۆناڵدینهۆش لە ماوەی ١٧ ساڵدا لە ماڵی هەشت یانەی جیاواز گیرساوەتەوە.

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ به‌ درێسی به‌شێك له‌و یانانه‌ی كه‌ یاری بۆ كردوون
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ به‌ درێسی به‌شێك له‌و یانانه‌ی كه‌ یاری بۆ كردوون

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ هێمای ئەو یاریزانانەیە کە هەر رۆژە و درێسی یانەیەک دەپۆشن، سوڵتانە سوێدییەکە لەوەتەی ١٩٩٩ درێسی هەشت یانەی پۆشیوە و پارێزگاری لە درێسی ماڵمۆی سویدی و ئەیاکس ئامستەردامی هۆڵەندی و یۆڤێنتۆس و ئینتەر میلان و ئەیسی میلانی ئیتاڵی و بارسێلۆنای ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فڕەنسی و مانچێستەر یونایتد  کردووە.

نیكۆلاس ئانێلكای هێرشبه‌ری فره‌نسی پێشووی ریال مه‌درید
نیكۆلاس ئانێلكای هێرشبه‌ری فره‌نسی پێشووی ریال مه‌درید

نیکۆلاس ئانێلکاش لە ماوەی یاریکردنی درێسی ١٣ یانەی جیاوازی گۆڕی و هەر وەرزە و یاریی بۆ یانەیەک دەکرد تاکو دوو ساڵ لەمەوبەر لە مۆمبای سیتی هیندییەوە ماڵئاوایی لە لاکێشەی سەوز کرد.

فرانسیسكۆ تۆتتی هێرشبه‌ری پێشووی رۆما له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵه‌كانی
فرانسیسكۆ تۆتتی هێرشبه‌ری پێشووی رۆما له‌گه‌ڵ خێزان و منداڵه‌كانی

فرانچیسکۆ تۆتی دوایین هێمای وەفای ئەو یاریزانانە بوو کە پێیانوایە بەرد لە جێگای خۆی بەسەنگە.

تۆتی ٢٥ ساڵ تەنیا درێسی یانەی رۆمای پۆشی و وەرزی رابردوو هەر لە رۆما وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند و چارەکە سەدەیەک بە درێسی رۆما یاریی کرد و تاکو دوایین ساتەکانی کاروانی وەرزشی ئامادە نەبوو گوورگەکان بەجێبهێڵێت، تەنانەت خەڵکی رۆما هەمیشە دەیانگوت گواستنەوەی پاپا لە گواستنەوەی تۆتی ئاسانترە.

فیلیپ لام كاپتنی پێشووی یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانیا
فیلیپ لام كاپتنی پێشووی یانه‌ی بایرن میونشنی ئه‌ڵمانیا

فیلیپ لام نموونەیەکی دیکەی وەفای تۆپی پێ بوو، ئەستەمە لە ساڵانی داهاتوو دروست بێتەوە، لام زیاتر لە ١٥ ساڵ پارێزگاری لە دروشمی بایرن میونشن کرد و ئامادە نەبوو جگە لە درێسی باڤارییەکان درێسی هیچ یانەیەکی دیکە بپۆشێت.

رایان گیگزی كاپتنی پێشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد
رایان گیگزی كاپتنی پێشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد

رایان گیگزیش ١٤ ساڵ یاریی تۆپی پێی کرد، بێ ئەوەی دریسی مانچێستەر یونایتد لەبەر بکاتەوە، ئەو یاریزانە وێڵزییە لە رۆژە خۆش و ناخۆشەکاندا شەیتانە سوورەکانی بەجێنەهێشت و نازناوەکانی شەیتانە سوورەکانی لەگەڵ هاندەرانی یانەکە بەشکرد.

جیانلویجی بۆفۆنی گۆڵپارێزی یانه‌ی یوڤێنتۆس
جیانلویجی بۆفۆنی گۆڵپارێزی یانه‌ی یوڤێنتۆس

جیانلویجی بوفۆن تاکە نموونەی دیاری ئەو بەرەیە کە وەفا لە پارە بەگرنگتر دەزانن، سەرەڕای ئەوەی یۆڤێنتۆس لە ٢٠٠٧ دابەزییە ریزی یانە پلە دووەکانی ئیتاڵیا، بەڵام بوفۆن یانەکەی بەجێنەهێشت و تاکو ئێستا لەگەڵ خانمەپیرەکە بەردەوامە و پارێزگاری لە گۆڵەکەی بیانکۆنێری دەکات.