ئەو 5 ھەڵبژاردە ناودارەی جیھان ھەرەشەی نه‌گه‌یشتن بە مۆندیالیان لەسەرە

مه‌ترسی له‌سه‌ر مێسی و كریستیانۆش دروستبووه‌

گه‌ڕێكی دیكه‌ی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2018ـی رووسیا له‌ سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، چەند ھەڵبژاردەیەک کورسی خۆیان یەکلا کردۆتەوە و گەیشتنیان بە رووسیا مسۆگەر کردووە، بەڵام چەند ھەڵبژاردەیەکی بەھێز و دیار هێشتا نه‌یتوانیوه‌ بلیتی گه‌یشتن به‌ مۆندیالی داهاتوو ببڕن، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ر لە گەیشتن بەم  فێستیڤاڵە جیھانەیەدا شکست بێنن.

له‌م راپۆرته‌دا باسی دیارترین ئه‌و 5 هه‌ڵبژارده‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ بارودۆخی خراپ دان و مه‌ترسی سه‌رنه‌كه‌وتنیان بۆ مۆندیالی رووسیا له‌سه‌ره‌.

لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئارجێنتینا
لیۆنێل مێسی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئارجێنتینا

1ـ هه‌ڵبژارده‌ی ئارجێنتینا: لە دەستدانی ھەر خاڵێک لە دوو یاریی داھاتوویاندا لە پاڵاوتنەکانی ئەمێریکای باشوور، ئەوا چاره‌نووسی گەیشتنیان بە مۆندیال دەکەوێتە ژێر ھەڕەشە، لانیكه‌م گەیشتن بە شێوەی راستەوخۆ لە دەست دەدات، تانگۆ لە خانەی پێنجەم دێت بە جیاوازی گۆڵ لەگەڵ پیرۆی چوارەمی ریزبەندی کۆمەڵه‌كه‌ دێت، به‌ره‌به‌یانی هه‌ینی له‌ كاتژمێر 02:30ـی دره‌نگه‌ شه‌و تانگۆ و پیرۆ رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، چاره‌نووسی مێسی و هاوڕێیه‌كان په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌نجامی ئه‌م یارییه‌.

رۆبن هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی هۆڵه‌ندا
رۆبن هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی هۆڵه‌ندا

2ـ هه‌ڵبژارده‌ی هۆڵه‌ندا: دوای شکستیان لە بەشداری کردن لە یۆرۆی 2016، خەریکە تیپە پرته‌قاڵییەکە بەھەمان دەرد بچێتەوە، بە تایبەت دوای دۆڕانیان بە ھەڵبژاردەی فرەنسا، له‌ ئێستادا هۆڵه‌ندا لە کۆمەڵەکەی لە خانەی سێیەم دێت و بە جیاوازی 3 خاڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سویدی پۆلینی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دووره‌ و 2 یاریشی لە پاڵاوتنی کۆمەڵەکەیدا به‌رامبه‌ر بیلارووسیا و سوید ماوه‌.

گرته‌یه‌ك له‌ خه‌مناكی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی پورتوگال
گرته‌یه‌ك له‌ خه‌مناكی هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی پورتوگال

3ـ هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال: تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ترسی گەیشتن بە مۆندیالی رووسیای بە شێوەی راستەوخۆ له‌سه‌ره‌، بە تایبەت ئەگەر لە یاریی داھاتوویان بەرامبەر ھەڵبژاردەی سویسرا نەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت کە تا ئێستا ھیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە, لەھەر ئەنجامێکی تر پۆرتوگال دەچێتە پاڵاوتنی پاشکۆکان.

هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئیتاڵیا
هه‌ڵبژارده‌ی تۆپی پێی ئیتاڵیا

4ـ هه‌ڵبژارده‌ی ئیتاڵیا: شكسته‌كه‌ی ئیتاڵیا به‌ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا چاره‌نووسی گه‌یشتنی به‌ مۆندیال خسته‌ مه‌ترسی، به‌هۆیه‌وه‌ 3 خاڵ کەوتە دوای ماتادۆرەکان، بۆیە پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئێستا بۆ گەیشتن بە کەرنەڤاڵە گەورەکە، دەبێت لە ڕێگای پاڵاوتنه‌کانی پاشکۆی کیشوەرە پیره‌كه‌وه‌ بلیتی مۆندیال ببڕێت.

خۆشیده‌ربرینی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی چیللی
خۆشیده‌ربرینی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی چیللی

5ـ هه‌ڵبژارده‌ی چیللی:  دۆڕانە چاوەروان نەکراوەکەی ھاورێیانی ئارتۆرۆ ڤیدال و ئەلێکس سانچێز لە بەرامبەر بۆلیڤیا، ئەم ھەلبژاردەیەی خزاندە خانەی شەشەمی ریزبەندی ئەمێریکای باشوور. له‌ ئێستادا چیللی پاڵەوانی دوو جاری له‌سه‌ریه‌كی كیشوه‌ره‌كه‌ی مەترسی گەیشتن بە مۆندیالی لەسەرە، چیللی دوو یاری به‌هێزی به‌رامبه‌ر ئیكوادۆر و به‌رازیل له‌به‌رده‌م ماوه.

ئاماده‌كردنی: بارزان ئه‌كره‌م