كچێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به هونه‌ره‌كه‌ی هه‌وادارانی سه‌رسام كردووه
K24 - هه‌ولێر:
فاتیمە حەمامی، کچێکی تەمەن 30 ساڵانی ئێرانییه، خه‌ڵكی شاری کاشانه و بە رێژه‌ی 85٪، خاوه‌ن پێداوێستی تایبەتە و به‌و شێوه‌یه لە دایکبووە
فاتیمه له رێگه‌ی به‌هره هونه‌رییه‌كانییه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته، ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، بەهرە و تواناکانی هەر مرۆڤێك دەتوانێت گۆڕانکارییه‌کی زۆر لە ژیاندا بکات، ئەگەر هەرکەسێك بڕوای بە خۆی هەبێت، هیچ شتێک ناتوانێت ژیانی کەس تێکبدات.
بێهێزی جەستەیی ئەو کچە نەبووەته هۆکاری ئه‌وه‌ی واز له هیوا و ئاواته‌كانی خۆی بێت، هەرچەندە به رێژه‌ی 85٪ خاوه‌ن پێداوێستی تایبەتە، بەڵام بە هەر دوو قاچی وێنە دەکێشێت، تەنانەت قاچی راستیشی ئیفلیجە.
فاتیمه جیا له‌وه‌ی خاوه‌ن به‌هره هونه‌ریی به‌رزه، هاوكات لایەنگر و هەوادارێکی سه‌رسه‌ختی تۆپی پێیە، بۆیه وێنەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی كێشاوه.
ئه‌و كچه له رێگه‌ی هونه‌رێكه‌وه ناوبانگێکی جیهانی بە دەستهێناوه و وێنەی هونەرمەندان و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئێرانیشی کێشاوە.
یه‌كێك له‌و وێنانەی كێشاویه‌تی، وێنه‌ی ئه‌كته‌ری به‌ناوبانگی كۆمێدی چارلی چاپلینه و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامی خۆی بڵاوی کردوەتەوە، كه سەرنجی زۆربەی میدیا جیهانییه‌كانی دەرەوەی به‌لای خۆیدا راکێشاوە.
فاتیمە حەمامی لە خێزانێکی 6 کەسیدا گەورە بووە، ئەم کچە هونەرمەندە بە یارمەتی خوشکە دووانەکەی و دایکی، توانیویەتی تا پۆلی 5 سەره‌تایی خوێندوویەتی و هەموو ئەرکەکان و کارەکانی قوتابخانەی با قاچەکانی ئه‌نجامداوه.
به گوته‌ی خۆی، وێنە کێشان بۆ ئه‌و، وەکو پەنجەرەیهکە کە لەگەڵ هەموو جیهانی دەوروبەری پەیوەندی هەیە، وێنەکانی فاتیمە لە هەر شوێنێک بن، گوزارشتی هێنده روونی تێدایه لەگەڵ خەڵک قسە دەکەن.
ئه‌و كچه له رێگه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرامه‌وه، كه تێیدا كاره هونه‌رییه‌كانی، كه به قاچ درووستی كردوون، بڵاوده‌كاته‌وه و له‌و تۆڕه‌ش زیاتر له 98 هه‌زار فۆڵۆوه‌رزی هه‌یه.