کوردستان24 باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات

سەمیر بابۆ بە باشترین راهێنەری قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا

کوردستان24 باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشان دەکات، کە لە 11 یاریزانی سەرەکی و حەوت یاریزانی یەدەگ پێکدێن و سەمیر بابۆی راهێنەری پێشمەرگەی هەولێر راهێنەرایەتی پێکهاتەکە دەکات کە لەگەڵ یانەکەی بووە پاڵەوانی قۆناخی یەکەم.

باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان لەلایەن کوردستان24وە دەستنیشان دەکرێت، کە هەژار ئەحمەدی گۆڵپارێزی دەربەندیخان باشترین گۆڵپارێزی قۆناخی یەکەم بوو،
گەرچی هەژار لە کۆی 13 یاریی قۆناخی یەکەم 11 گۆڵی لێکرا، بەڵام بە گێڕانەوەی لێدانی سزا و هێرشەکانی رکابەرەکانی بووە هۆی بەدەستهێنانی چەندان خاڵ بۆ یانەی دەربەندیخان.
بارزان ئەحمەدی بەرگریکاری دهۆک و نیاز مەغدیدی بەرگریکاری زێرەڤانی و شوان مەجیدی بەرگریکاری هەندرێن و هەڵمەت عادلی بەرگریکاری شێروانە هێلی بەرگری باشترین پێکهاتەکە پێکدەهێنن، کە ئەو چوار بەرگریکارە لە یاریی یانەکانیان ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد و ببوونە هێلێکی پۆڵایین لە بەردەم گۆڵی یانەکانیان و رۆلیان لە پارێزگاریکردن لە گۆڵی یانەکەیان هەبوو.

محەمەد سامی یاریزانی پێشمەرگەی هەولێر و هۆگر حوسێنی ناوەڕاستکاری هەولێر و حەکیم شەمسەدینی ناوەڕاستکاری پێشمەرگەی سلێمانی و موئەیەد عەبدولباستی یاریزانی دهۆک لە هێلی ناوەڕاستی باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەم دان، محەمەد سامی بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ و دروستکردنی هێرشەکانی پێشمەرگەی هەولێر لە نیوەی یەکەمی ئەم وەرزە ببوە سەرئێشە بۆ بەرگریکاران و هۆگر حوسێنیش بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ و موئەیەد عەبدولباستیش بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ و حەکیمیش بە رێکخستنی هێلی ناوەڕاستی یانەکەی لەم وەرزە لە باشترینەکانی خولی نایابی کوردستانن.

دیار عەلی هێرشبەری نەورۆز و پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکە بە نۆ گۆڵ و عەلی کاکەمینەش بەو حەوت گۆڵەی دوای گەڕانەوەی بۆ شێروانە تۆماریکردن، هێلی هێرشبردنی پێکهاتەکە پێکدەهێنن.

یەدەگەکانی باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمیش لەر هەیەکە لە بازر سەرتیپ، ئامانج ئەکرەم، نێچیرڤان شوکری، سەفین عەبدولخاڵق، عامر فازڵ، سەفین مەنسوور و سەیف جەمیل پێکدێن، و سەمیر بابۆی راهێنەری پێشمەرگەی هەولێریش راهێنەرایەتی باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان دەکات، کە تیپەکەی بووە پاڵەوانی قۆناخەکە.

باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان
باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان