وێنە و ڤیدیۆ.. بۆفۆن دوای 7320 رۆژ دەستەوانەکانی ئیتاڵیای لەدەست کردەوە

بەیەکجاریی وازی لە یاریی نێودەوڵەتی هێنا

K24- هەولێر

20 ساڵ لەمەوبەر کاتێک جیانلویجی بۆفۆن دەستەوانەکانی لە دەست کرد بۆ ئەوەی پارێزگاری لە گۆڵی هەڵبژاردەی یەکەمی ئیتاڵیا بکات، هەرگیز چاوەڕێی نەدەکرد بەمشێوەیە بە گریان و حەسرەتەوە دەستەوانەکانی لە دەست بکاتەوە و واز لە یاریی نێودەوڵەتی بهێنێت.
ئەمە حەوت هەزار و سێ سەد و بیستەمین رۆژ بوو بۆفۆن پارێزگاری لە گۆڵی ئازۆری بکات، بەڵام بە نەگەیشتنیان بە مۆندیال، بۆفۆن بڕیاری دا چیدیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەکەی نەکاتەوە و شوێنەکەی بۆ دۆنارۆما چۆڵ بکات.
ئەمە پێش دەستپێکردنی دوایین یاریی بۆفۆن بوو بە درێسی ئازۆری، لەم ساتانەدا جیانلویجی بەهیواوە لە مۆندیالی رووسیای دەڕوانی، دەیویست بۆ پێنجەمین جار بەشداریی مۆندیال بکات، بەڵام پاڵەوانەکەی مۆندیالی 2006 دووەم کۆستی لەمساڵ کەوت و دوای شکستی لە فایناڵی چامپیۆنزلیگ، ئەمجارەیان رۆژێکی دیکەی رەشی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەڕێکرد.

جیانلویجی بۆفۆن، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوای یارییەکە:

'ئەمە شەرمێکی گەورەیە بۆ هەموومان، لە شتێکی گەورە و گرنگ شکستمان هێنا، بەهۆی ئەو هەموو خەڵکەی هاتبوونە ئێرە بۆ ئەوەی هانمان بدەن، شەرمێکی گەورەیە بۆ ئێمە.
ئەم گریانەی من بۆ خۆم نییە، بەڵکو بۆ تۆپی پێی وڵاتەکەمە، چونکە ئێمە هەموومان شکستمان هێنا، ئەم شکستەش ماوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەکەمان دەبێت، نەمانتوانی بگەینە مۆندیال، ئەمە شتێکی سادە نییە، بەڵکو شکستێکە بۆ هەموومان'.
بەداخەوەم ئەمە دەبێتە دوایین یارییم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، بەداخەوەم کە بەمشێوەیە ماڵئاوایی لە هەڵبژاردەکەم دەکەم، ئەگەر بمزانیبا بەمشێوەیە کۆتایی بە ژیانی وەرزشی دێنم، هەرگیز دەستم بە یاریی تۆپی پێ نەدەکرد.
دوای شکستەکەمان لە یاریی چوون، ئێمە دەمانزانی یارییەکی سەخت چاوەڕێمان دەکات، لە ژێر پەستانێکی یەکجار گەورەدا بووین، من هەڵبژاردەکە بەجێدەهێڵم چونکە دەزانم کەسانێک هەن دەتوانن هەڵبژاردەکە بگەڕێننەوە سەر رێگای راست.
شکستی هەڵبژاردەکە واتە شکست بۆ هەموومان، کاتێک تۆ دەبەیتەوە واتە هەموومان براوەین، کاتێکیش دەدۆڕێین، واتە هەموومان شکستمان هێنا، بۆیە ئەم شکستە تەنیا شکستی ڤینتۆرا نییە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە شوێنەکەم بۆ دۆنارۆما چۆڵ بکەم، من ئیتاڵیا بەجێدەهێڵم، بەڵام ئیتاڵیا هەر دەمێنێتەوە و نەوەی ئەم وڵاتە دەتوانێت ئەم کاتە سەختە تێپەڕێنێت.

دوای یارییەکە فرمێسکەکانی بۆفۆن وایان لە ئیکێر کاسیاس کرد بە قسە بێت و ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی 'حەزناکەم بەمشێوەیە بتبینم، حەز دەکەم وەکو جاران بتبینم، هێشتا بۆهەموومان ئەفسانەی، شانازی بەوەوە دەکەم چەندان جار بەرامبەرت یاریم کردووە هاوڕێکەم'، سێرخیۆ رامۆسیش وێنەیەکی خۆی لەگەڵ بۆفۆن بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی 'مۆندیال تۆی لەدەست دەچێت بۆفۆن، بەهێزبە هاوڕێکەم، تۆ چەندە مەزنی'.
فڕانک ریبێریش لە تویتەرەوە بۆ بۆفۆنی نووسیوە 'تۆ کاراکتەرێک مەزن و نموونەیەکی بەرزی بۆ هەموو یاریزانێک، رێز بۆ کاروانی نێودەوڵەتییەکەت'.
عسام ئەلحەزەری، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی میسریش لە تویتەر نووسیویەتی، هیچ وشەیەکی گونجاوم نییە، هەموو گۆڵپارێزەکانی مۆندیال لەپێناوی تۆ یاریی دەکەن ئەی ئەفسانە'.

جیانلویجی بۆفۆن، گۆڵپارێزی پێشووی ئیتالیا
جیانلویجی بۆفۆن، گۆڵپارێزی پێشووی ئیتالیا
جیانلویجی بۆفۆن، گۆڵپارێزی پێشووی ئیتالیا
جیانلویجی بۆفۆن، گۆڵپارێزی پێشووی ئیتالیا
لێدوانی بۆفۆن دوای یارییەکە
لێدوانی بۆفۆن دوای یارییەکە