نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی له‌گه‌ڵ عه‌بادی كۆده‌بنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
54ه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، به به‌شداری هه‌ریه‌ك له نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له ئه‌ڵمانیا ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد و ماوه‌ی سێ رۆژیش ده‌خایه‌نێت.
مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكردووه‌ته‌وه، له په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی چه‌ندین وڵات كۆبووه‌ته‌وه و باسییان له قۆناخی داهاتووی ناوچه‌كه و هه‌رێمی كوردستان كردووه.
Productive talks during Munich Security Conference alongside intelligence and security officials about global challenges and opportunities; enduring threats and a roadmap for the region's next chapter- mb.
— Masrour Barzani (@masrour_barzani) February 16, 2018
مه‌سروور بارزانی، وه‌ك له تویته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه، كۆبوونه‌وه‌كانی به به‌رهه‌مدار وه‌سفكردووه و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌واڵگری وڵاتان، باسییان له ده‌رفه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌رده‌م ئاسایشی جیهان كردووه.
هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی، له‌گه‌ڵ ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین، وه‌زیری به‌رگری ئه‌ڵمانیا كۆبوونه‌وه و جەختیان لە به‌رده‌وامی ھەماھەنگی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كردەوە.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌نجلینۆ ئه‌لفانۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه و باسی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیتاڵیایان كرد.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نێچیرڤان بارزانی و شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئین ئیریكسن سۆریدی, وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌رویج و شاندێكی یاوه‌ری له دیدارێكدا باسیییان له په‌یوه‌ندی نێوان كوردستان و نه‌رویج كرد.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له په‌راوێزی كۆنفرانسه‌كه، نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی، له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆببنه‌وه و دیدارییان هه‌بێت.