فازڵ میرانی: نێچیرڤان بارزانیمان بۆ كوردستان پێویسته‌

نێچیرڤان بارزانی ده‌چێته‌ به‌غدا یان له‌ كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌؟
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

فازڵ میرانی، سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌باره‌ی كاندیدبوونی نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق رایگه‌یاند، نێچیرڤان بارزانیمان بۆ كوردستان پێویسته‌.

فازڵ میرانی له‌ گفتوگۆیه‌كی كورتدا، له‌گه‌ڵ په‌یامنێری كوردستان 24، سه‌باره‌ت به‌ پێشبینیكردنی كورسییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ په‌رله‌مان رایگه‌یاند، پارتی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌ ناكات.

له‌ باره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدان بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق، فازڵ میرانی رایگه‌یاند، چاوه‌ڕێی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ له‌و یه‌ك دوو رۆژه‌دا خۆیان یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ركاتێكیش یه‌كێتی به‌ فه‌رمی قسه‌ی خۆی له‌و باره‌یه‌وه‌ كرد، ئه‌وانیش هه‌ڵوێستی خۆیان راده‌گه‌یه‌نێت.

پێشتر له‌ به‌شێك له‌ كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بی و میدیا عێراقییه‌كان وا بڵاوكرایه‌وه‌، گوایه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی، كاندید كورده‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق، به‌ڵام سكرتێری پارتی رایگه‌یاند، ئه‌وان له‌ كوردستان پێویستییان به‌ نێچیرڤان بارزانی هه‌یه‌.

ئ. م