گۆڕان كاندیدەكانی بۆ حكوومەت یەكلا دەكاتەوە

"چەند پێوەر و خاڵێك دانراون"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی گۆڕان لە ئایندەیەکی نزیکدا بابەتی دیارکردنی ناوی ئەو کاندیدانە یەکلا دەکاتەوە کە بڕیارە لە كابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر پشکی گۆڕان پۆست وەربگرن. ئەندامێکی جڤاتی گشتی ئەو بزووتنەوەیە رایدەگەیەنێت، تائێستا ناوی ھیچ کەسێک بۆ ھیچ پۆستێک یەکلایی نەکراوەتەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان وەک یەکەم لایەن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێکكەوتنی واژۆ کرد بە مەبەستی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوی ھەرێمی کوردستان، دواتر رێکارە نێوخۆییەکانی گۆڕان بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستەکان دەستیپێکرد و ھەفتەی رابردوو لەسەر راسپاردەی جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکانی تاوتوێ کرد، ئەندامێکی جڤاتی گشتی گۆڕان دەڵێت، لیژنەیەکی 9 كەسی لەسەر ئاستی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتی و نیشتمانی و کەسانی بێ لایەن پێکدەھێنرێت و ھەفتەی داھاتووش بۆ بڕیاری کۆتایی جارێکی دیکە جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە.

نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "كۆمەڵێك خاڵ و پێوەرمان بۆ كاندیدەكان داناوە، لیستێك لە پۆستی وەزیر بەسەرەوەیە و لیستێكی دیكەش بۆ خوارەوە، ھەركەسێك ئەو پێوەرانەی تێدا ھەبێت یەكلایی دەبێتەوە. بۆچوونێكی دیكە ھەیە دوای یەكلا كردنەوەی لیژنەكە جارێكی دیكە ناوەكان بچێتەوە بەردەم جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، بەڵام ھێشتا ئەو رایە پەسند نەكراوە".

گۆڕان نزیکەی 60 پۆست لە كابینەی نوێی حكوومەت وەردەگرێت و نزیکەی 600 سیڤی بۆ ژووری حکوومەت و پەرلەمانی گۆڕان نێردراوە، بەرپرسی بەشی حکوومەت لە ژووری حکوومەت و پەرلەمانی گۆڕان دەڵێت، لە ئۆرگانە جیاوازەکانەوەو تەنانەت خەڵکی بێلایەنیش سیڤیان بۆ ئەوان ناردووە و خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو دادەنێن.

ھ.م