كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە بڕیاردەری یەكەمی یەكێتی

یەكێتی مەكتەبی سیاسی ھەڵبژاردەوە

K24 - ھەولێر

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاشكرای كرد لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھەڵبژێردرایەوە و تا بەستنی كۆنگرە كۆسرەت رەسوڵ، بڕیاردەری یەكەمی یەكێتی دەبێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەعدی پیرە، ئاشكرای كرد: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی مەكتەبی سیاسی ھەڵبژێردرایەوە و كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی تا كۆنگرەی داھاتوو بڕیاردەری یەكەمی یەكێتی دەبێت و لە ھەڵبژاردنەكانیش سەرپەرشتی لیستی یەكێتی دەكات".

گوتیشی: "ئێوارەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ ئامادەسازی ھەڵبژاردنەكانی عێراق لە سلێمانی كۆدەبێتەوە و چەند پێشنیازێك لەبارەی كۆنگرە ئامادە دەكرێت و ئاراستەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكرێت".

گوتەبێژی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: "كۆنگرەیەك كە نەتوانێ نەخشە رێگەی یەكێتی دیاربكات و سەرێشە بۆ یەكێتی دروست بكات نەكرێ باشترە".

سەعدی پیرە ناوی ئەو كەسانەی ئاشكرا كرد كە وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەستبەكار دەبنەوە، بەڵام ناوی نەجمەدین كەریم، لەنێو ئەو لیستە دانەبوو كە گوتەبێژی یەكێتی خوێندیەوە.

سەعدی پیرە گوتی: "لیستەكە پێكھاتوون لە كۆسرەت رەسوڵ، كاری سكرتێری گشتی دەكات، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، مەلا بەختیار، عومەر فەتاح، حاكم قادر حەمەجان، مەحموود سەنگاوی، رەفعەت عەبدوڵڵا، شێخ جەعفەر، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، شۆڕش ئیسماعیل، سەعدی ئەحمەد پیرە، عەدنان موفتی، رزگار عەلی، قادر عەزیز، ئاسۆ ئەڵمانی".

لەبەشێكی دیكەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا پیرە، رەتیكردەوە یەكێتی بیری لە كشانەوە لە ھەڵبژاردنەكان كردبێتەوە و سەبارەت بە پەسندكردنی نامەی دەست لەكاركێشنانەوەی بەرھەم ساڵح گوتی: "مەكتەبی سیاسی ئەوە یەكلایی دەكاتەوە و مەكتەبی ساسی، مەكتەبی رێكخستن رادەسپێرێ ئیجرائات لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە لەناو یەكێتی ئیش بۆ لیستی دكتۆر بەرھەم دەكەن".

پێشتر لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكە درابوو تا كۆنگرە دەبەسترێت، بەڵام بەھۆی ناكۆكی و بارودۆخی ناوخۆ یەكێتی نەیتوانی كۆنگرە ببەستێ، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا جارێكی دیكە مەكتەبی سیاسی ھەڵبژێردرایەوە.

ھ.م