خۆپیشاندانه‌كانی عێراق لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان دابه‌ش ده‌كات

"ئەگەر ھۆكارێكی سەرەكی نەبێت ناتواندرێ ئەجندای دەرەكی جێبەجێ بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

خۆپیشاندانەكانی شارەكانی عێراق بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستانی كردووەتە دووبەرە، بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە خۆپیشاندانەكانی عێراق دەستی وڵاتانی دراوسێی لەپشتەوەیە ئەگەر چی ھاووڵاتییان داوای كار و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دەكەن، بەڵام سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی رابردووی ھەرێمی كوردستان دەڵێن، خۆڕسك بوون و دەستی دەرەكی لە پشتەوە نەبووە. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت، ئەو لایەنەی پێی وایە خۆپیشاندانەكانی عێراق خۆڕسك نین ئەوا بەرژەوەندی لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا ھەیە.

حزبە سیاسییەکانی كوردستان چۆن لە زۆر پرسی ناوخۆیی و ناوچەیی ھاوڕانین، بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراقیش بۆچوونەکانیان دژ بە یەکن، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونیان بۆ خۆپیشاندانەکانی ھەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق جیاوازە. مامۆستایەکی ناڕازی كە لەماوەی 3 ساڵی رابردوو بەشداری 60 خۆپیشاندانەکانی ھەرێمی كوردستانی کردووە، دەڵێت، نەیان ھێشتووە ئەجێندای حزبی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە رەنگ بداتەوە، ئاماژەش بەوە دەكات، مامەڵەی ھێزە ئەمنییەکانی كوردستان زۆر باشترە لەوەی کە ئێستا لە عێراق دژ بە خۆپیشاندەران دەگوزەرێت.

لەوبارەوە تاریق تاھیر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت: "خۆپێشاندانەكانی عێراق ئەوە دەگەیەنێت، كە زوڵم و ستەم ھەیە و مافی خەڵك دەخورێت، ئەگەر دەستیش ھەبێت بۆ گەورەكردنی خۆپێشاندانەكان پێشتر ھەوێن ھەبووە بۆ رێكخستنی خۆپێشاندان".

ھەر پوەست بەو پرسە ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر پێمانوابێت ھەموو خۆپێشاندانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەستی دەرەكی وڵاتانە و ئەوانەی ھەرێمی كوردستان خۆڕسكانە، ئەوە سیاسەتێكی بانێكە و دوو ھەوایە، ئەگەر ھۆكارێكی سەرەكی نەبێت، ناتواندرێ ئەجندای دەرەكی جێبەجێ بكرێت".

ھ.م