پارتی داوا دەكات دەسكەوتە حزبی و كەسییەكان وەلابندرێن

"ئەگەر یەكگرتووبن كورد دەبێتە گەورترین كوتلەی پەرلەمانی عێراق"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق داوای یه‌كگرتوویی و كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی گوێ له‌داواكارییه‌كانیان بگیرێ و مافه‌كانی كورد لە بەغدا به‌ده‌ست بێنن، شاره‌زایه‌كی سیاسیش پێیوایە، ئەگه‌ر كورد بە یەكگرتوویی نەچێتە بەغدا ناتوانێت له ‌حكوومه‌تی داهاتوودا عێراق مافه‌كانی خۆی به‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌حمه‌د كانی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر ئەوجارە بتوانین وەك یەك كوتلە بچینە بەغدا بە دڵنیاییەوە دەستكەوتی گەورە بە دەست دێنین، پێچەوانەكەی خراپ دەبێت، ھەم حزبە كوردستانییەكان زەرەر دەكەن ھەمیش كورد و كوردستان زەرەر دەكات، بۆیە پارتی زۆری مەبەستە كە دەسكەوتە حزبی و كەسییەكان وەلاوە بنێین و بەدوای دەسكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بین كە لە دەستووری عێراق جێگیركراون".

سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ به‌غدا هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كگرتوویی كورد به‌ گرنگ ده‌زانن، به‌ڵام له‌راستیدا په‌رته‌وازه‌یی و ململانێی سیاسیی لە كوردستان خه‌ڵكی نیگه‌ران كردووه‌. شاره‌زایه‌كی سیاسییش رایوایە ده‌ردی گرانی كورد په‌رته‌وازه‌یی نێوماڵه‌كه‌یه‌تی.

سامان شاڵی، شاره‌زای سیاسی دەڵێت: "ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەكدەنگ بن، گەورەترین كوتلە لە پەرلەمانی عێراق كورد دەبێت بە ھەموو لایەنەكانی كوردستان 58 كورسیان ھەیە، بەڵام بەداخەوە لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ كە كورد نەیتوانیوە بە مافەكانی بگات و ببێتە دەوڵەت، ھۆكارەكە ئەوە بووە ماڵی كورد یەك نەبووە".

ھ.م