جه‌نگ خه‌ونی په‌پووله‌كانی عه‌فرین ده‌زڕێنێ

"لەگەڵ منداڵەكانم كەوتینە ژێر خانوو دراوسێكان رزگاریان كردین"
kurdistan24.net

K24 - عەفرین

ژمارەیەكی زۆری قوربانیانی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای توركیا بۆسەر عەفرین منداڵن، بە گوێرەی ئاماری نەخۆشخانەكانی ئەو شارە تائێستا زۆر لەمنداڵانی عەفرین گیانیان لە دەستداوە و یان بە سەختی برینداربوون.

پەیامنێری كوردستان24 لە عەفرین رایگەیاند: "بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای توركیا بۆ ناو شاری عەفرین و گوندەكانی زیاتر لە كاتی شەودا دەست پێدەكات، لە دوایین بۆردوومانی ناو شارەكەش ژمارەیەك منداڵ بە برینداری گەیەندرانە نەخۆشخانە".

ھاووڵاتییەكی عەفرین بە كوردستان24 گوت: "سوپای توركیا ئەو شوێنانە بۆردوومان دەكات كە خەڵكی سڤیلی تێدا نیشتەجێیە، بە ھەرەمەكی بۆردوومانی عەفرین دەكات، ئێمە نازانین ئەردۆغان چی لە ئێمە دەوێت".

لە دوایین بۆردوومانی توركیا بۆسەر گەڕەكی ئەشرەفییەی عەفرین، شەش ئەندامی خێزانێك برینداربوون كە چواریان منداڵن، دایكی منداڵەكان كە خۆشی بریندارە بە كوردستان24 راگەیاند: "لە خەودابووین بۆردوومان دەستی پێكرد و سەقفی خانووەكەمان كەوتە خوارەوە، كەوتینە ژێر خانوو دراوسێكان ھاتن ئێمەیان رزگاركرد، خۆم و ھاوسەرەكەم و منداڵەكانم ھەموومان بریندارین، خوا قبووڵی نەكات، نازانین ئەردۆغان چی لە ئێمە دەوێت".

هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عەفرين، لە 20/1/2018 له‌ ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه‌ زه‌يتون" و به‌ بۆردوومانكردنی شاره‌كه‌ له‌ لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه‌ به‌ فەرمی ده‌ستيپێكرد. جگە لە سوپای توركیا چەكدارانی میلیشیای سوپای سووریای ئازادی سەر بە توركیا بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن.

 بە گوێرەی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی تەندروستی عەفرین تا ئێستا زیاتر لە 170 كەس بەھۆی بۆردوومان و تۆپبارانەكانی توركیا لە عەفرین شەھید بوونە و زیاتر لە 650 كەسی دیكەش برینداربوونە.

دوای مانگێك ھێرشی توركیا بۆسەر عەفرین، لە رۆژی 20/2/2018، ھێزە میللیەكانی سەر بە سوپای سووریا، وەك خۆیان دەڵێن "بۆ پاراستنی شارەكە گەیشتنە نێو عەفرین"، تائێستاش سەركردەكانی یەپەگە ئەوە دەخەنەروو كە ھێشتا لەگەڵ حكوومەتی سووریا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەڵام ھاتنی ھێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا بۆ پاراستنی عەفرین بە بابەتێكی ئاسایی لە قەڵەمدەدەن و دەشڵێن، سوپای سووریا تەنھا سنوورەكانی عەفرین دەپارێزێت و لەناو شار نامێنێتەوە.

 H.M