ھاوپەیمانی كۆنگرە دەبەستێ

ھاوپەیمانی شوێنی بەرھەم ساڵح پڕ دەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەندامێكی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاشكرای دەكات، دوای گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح، بۆ ناو یەكێتی بڕیاریانداوە كۆنگرە ببەستن و كەسێكی دیكە وەك سەرۆكی ھاوپەیمانی دیاربكەن.

دانا محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "لەسەر كاركردنی خۆمان بەردەوام دەبین و لە نزیكترین كاتدا ھاوپەیمانی كۆنگرە دەبەستێ بۆ دیاریكردنی سەرۆك و دەستەی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی".

گوتیشی: "ئێستا لە راوێژداین بۆ دیاركردنی سەرۆكی ھاوپەیمانی و ھەموو ئەندامێك بۆی ھەیە خۆی كاندید بكات".

سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی لەگەڵ بەرھەم ساڵح گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی دانا محەمەد گوتی: "تائێستا ھیچ كەس بە فەرمی راینەگەیاندووە كە دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی، تەنھا ئەو كەسانە نەبێت كە لە دكتۆر بەرھەم نزیكن، زیاتر لە 75% ئەندامانی ھاوپەیمانی لە خەڵكی بێ لایەن و ئیسلامییەكان و لایەنەكانی دیكە پێكھاتوون".

لە 10ی کانوونی دووەمی 2018، هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری کۆنگرەی خۆی لەشاری سلێمانی بەست. لەکۆنگرەکەدا کە نزیکەی 800 ئەندام بەشدارییان تێدا کرد، بەرنامەی کار و پەیڕەوی هاوپەیمانی پەسەند کرا و بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی هاوپەیمانی هەڵبژێردرا. دوای بەشداریكردنیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 و بە دەستھێنانی 2 كورسی پەرلەمانی، لە 19/9/2018، بەرھەم ساڵح بە فەرمی گەڕایەوە ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و وەك كاندیدی ئەو حزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاركرا.

ھ.م