لە سلێمانی 54 پێشێلکاری لایەنەكان تۆمار كراون

"ھەندێك لایەن رۆژانە سەرپێچییەكان دووبارە دەكەنەوە"

K24 - سلێمانی

لە سلێمانی لایەنێکی سیاسی لە چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی بانگەشەی هه‌ڵبژاردن ده‌رده‌چێت و سەرپێچی له‌ رێنماییەکانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی دەکات، دواتر شاره‌وانی به‌ بڕیاری پارێزگاری سلێمانی سه‌رپێچییه‌كان لاده‌بات.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن تادێت بانگەشەی ھەڵبژاردن لە سلێمانی گەرمتر دەبێت، ھەرلایەنە و بەشێوازێک بانگەشە دەکات بۆ بە دەست ھێنانی زۆرترین دەنگ، بەڵام لایەنێکی سیاسی رێنماییەکان پێشێل دەکات بۆ ئەوەی دەنگدانەوە دروست بکات و بەو کارە سەرنجی دەنگدەر رابکێشێت.

ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی بەڵگەکان بۆ کوردستان24 دەخاتەڕوو کە کۆمسیۆن و شارەوانی سلێمانی رێگری لە ھیچ لایەنێک ناکەن بۆ بانگەشە، بەڵام رێگەنادەن ھیچ قەوارەو کاندیدێک پێشێلکاری ئەنجامبدەن، لەسەرەتای دەسپێکی بانگشەوە تائێستا لەسلێمانی 54 پێشێلکاری قەوارە و کاندیدەکان تۆمار کراوە.

دیار نەسرەدین، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن بە كوردستان24 گوت: "لایەنێكی دیاریكراو بەدەر لە رێنماییەكان سەرپێچییەكانی دووبارە دەكاتەوە، ئێمەش لە رێگەی لیژنەیەكەوە رۆژانە راپۆرت لەسەر پێشلكارییەكان ئامادە دەكەین".

بەپێی نوسراوێكی پارێزگای سلێمانی بەژمارە 8095  لە بڕگەی دووەم پارێزگای سلێمانی دەسەڵاتی بە لیژنەکانی شارەوانی و کۆمسیۆن داوە، کە ھەر قەوارە و کاندیدێک پێشێلکاری ئەنجامبدات لەکاتی بانگەشە ئەوا سزادەدرێن و ئاڵاولۆگۆ سەرپێچیکراوەکان لێدەکرێنەوە، شارەوانی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەکاتی لێکردنەوەی سەرپێچییەکان لایەنێکی سیاسی دەیکات بە بانگەشە و گردبوونەوەی بۆ ئەنجام دەدەن کە ریگریان لێکراوە، بەڵام شارەوانی دەسەڵاتی پێدراوە و بە ئاشکرا ئەو کارە ئەنجام دەدەن و بەتۆمارکراویش بڵاوی دەکەنەوە.

زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندرنی شارەوانی سلێمانی دەڵێت: "رێگە بە ھیچ قەوارە و حزبێك نادرێت كە ستوونەكانی كارەبا بۆ بانگەشە بەكاربێنێ و درووشمەكانی لێ ھەڵواسرێت، دەسەڵاتی ئەوەمان پێدراوە كە ئەو درووشم و شیریتانە لێ بكەینەوە".

ھ.م