دوای پرسیارێكی كوردستان 24 ماكرۆن په‌یوه‌ندی به‌ نێچیرڤان بارزانی و عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ ده‌كات

kurdistan24.net

K24 - برۆكسل:

ته‌نها دوو رۆژ دوای پرسیارێكی په‌یامنێری كوردستان 24، ئیمانویڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، په‌یوه‌ندی به‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراوی عێراقه‌وه‌ كرد.

بارزان حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ به‌لجیكا، رۆژی 17ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا، كه‌ له‌ برۆكسل ئه‌نجامدرا، پرسیارێكی ئاراسته‌ی ئیمانوێل ماكرۆن كرد له‌ باره‌ی په‌یامی وڵاته‌كه‌ی دوای هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌دا ماكرۆن رایگه‌یاند، په‌یامی ئاشتی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش.

دوای دوو رۆژ له‌ پرسیاره‌كه‌ی په‌یامنێری كوردستان 24، ئیمانوێل ماكرۆن، له‌ دوو په‌یوه‌ندی جیاوازی ته‌له‌فۆنیدا، ره‌وشی سیاسی عێراق و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی و عادل عه‌بدولمه‌هدی تاووتوێ كرد.

وه‌ڵامی ئیمانویڵ ماكرۆن بۆ بارزان حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ به‌لجیكا

ئ. م