گۆڕان داوای دوو پۆستی گرنگ دەكات

هه‌وڵده‌ده‌ین كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی به‌ زوویی پێكبهێنین
kurdistan24.net

 K24 – هه‌ولێر:

قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌وڵده‌ده‌ین كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی به‌ زوویی پێكبهێنین.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هه‌روه‌ها به‌شداربوونی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له‌ پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت به‌ هه‌نگاوێكی نوێی له‌ قه‌ڵه‌مدا و گوتی: پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م حزبانه‌ زۆر ئاسایی بكرێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، بڵند ئیسماعیل، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەی پشتڕاست كرده‌وه‌، كە گۆڕان لەبەرامبەر دانانی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی ھەرێم داوای دوو پۆستی گرنگ دەكات، كە یەكێكیان وەزارەتی پێشمەرگەیە كە وەك پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دیاریكراوە، واشبڕیارە پارتی و گۆڕان بەمنزیكانە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی ھەرێم بگەنە ئەنجامی كۆتایی.

پێداگری یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی ھەرێم، وای لە پارتی كرد بیر لە دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی ھەرێم بكاتەوە، یەكێتی لەگەڵ ئەمە گرفتی نییە، بەڵام لەھەمانكاتدا رازیش نییە بەوەی جێگرێكی دیكە یان یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی حكومەت دابنرێت، چونكە خۆی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی بەركەوتووە.