لایەنەكان بە سیستمی كۆن داوای ھەڵبژاردنی نوێ دەكەن

كۆمسیۆن چاوەڕێی لایەنەكان دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردو لایەنە سیاسیەکانیش داوا دەکەن دەنگدان بە شێوازی کۆن بێت، کۆمسیۆنیش بۆ ئەم مەبەستە قسەی کۆتایی لایەنەکان وەردەگرێت. بەهۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە لایەنەکان لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی نین.

گومانه‌كانی سیستمی ئەلیکترۆنی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایه‌نه‌كانی هەرێمی کوردستانی له‌ به‌رده‌م دووریانێكدا هێشتووەتەوە، كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان چ جۆره‌ سیستمێك په‌یڕه‌و بكرێت، پارتی داوا لە کۆمسیۆن دەکات ئامادەکاری تەواو بکات تا هیچ دەنگدەرێك لە دەنگدان بێبەش نەبێت.

کاوە گەردی، بەپرسی بەشی ھونەری لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ تەماشای بارودۆخی كۆمسیۆن بكرێت لەو ماوەیەی كە دیاركراوە بۆ ھەڵبژاردن دەتوانێت كام سیستم پەیڕەو بكات، پێویستە دەرس لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگرین، كە زۆر لە دەنگدەرانمان نەیانتوانی دەنگبدەن".

یەکێتییش داوای ئامادەکاری زیاتر دەکات و پێی وایه‌، لەو ماوەی بۆ هەڵبژاردن ماوه‌، پێناچێت بتوانرێت سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکار بهێنرێت، داواش لە کۆمیسیۆن دەکات تۆماری بایۆمەتری پاک بکاتەوەو بە هیچ شێوەیەك وادەی  دەنگدان درێژ نەکاتەوە.

رابیحە حەمەدە گەورە، ئەندامی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت: "ئەو تۆمارەی دەنگدان كە لە لای پارتە سیاسییەكان ھەیە لەگەڵ یەكتر جیاوازە لە ھەمانكاتدا ئەوەی لەلای كۆمسیۆنیش ھەیە لەگەڵ ھی لایەنەكان جیاوازە، بۆیە بە بڕوای من وا باشە ئەو تۆمارەی لە بنكەكانی دەنگدان دادەنرێت وێنەیەكیش بدرێت بە لایەنە سیاسییەكان، بۆ ئەوەی چاودێرانیان بتوانن چاودێری پرۆسەكە بكەن، جگە لەمەش پێویستە لە رۆژی ھەڵبژاردن دەنگدەر بەڵگەنامەیەكی باوەڕپێكراوی پێ بێت".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سیستمی ئەلیکترۆنی، دەستی سوتاندوەو بە ئاشکرا داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوازی کۆن به‌ڕێوه‌بچێت و تۆماری بایۆمەتریش پاک برێتەوە.

دەربارەی ئەو پرسە قاسم گەڵاڵی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات: "ئەگەر ھەڵبژاردنەكانی كوردستانیش بە سیستمی ئەلیكترۆنی بێت، جارێكی دیكە ئەو بەزمە دروست دەبێتەوە كە ئێستا لەسەر ئەنجامەكان ھەیە، ھەژماركردنی دەنگەكان بە دەست و لەبەرچاوی لایەنەكان دڵنیایی لای دەنگدەر دروست دەكات".

لەوبارەوە شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆن هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئامادەكاری ئێمە بەپێی یاساكە دەبێت، ئەگەر لایەنەكان لە پەرلەمان گۆڕانكاریان لە یاساكەدا كرد، ھەرچۆن ئەوان بڕیاریان لەسەردا كۆمسیۆن پابەندە بە جێبەجێكردنیەوە".

بریارە 30/9/2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن 23 ملیۆن دۆلار پێوستە، دیاریش نییە سێ هەڵبژاردنەکەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی و ئه‌نجوومه‌نی پاریزگاكان پێکەوە دەکرێن یان نا، له‌ كاتێكدا له‌ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، وادەی یاسایی كاری ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش کۆتایی دێت و داوا دەکەن رۆژێك بۆ هەڵبژاردنی ئەوانیش دیاری بکرێت.

ھ.م