عادل نووری: بڕیاری دادگای فیدراڵی سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ عێراق

"سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ عێراق"
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

عادل نووری، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ عێراق، ھەوڵ و ماندووبوونمان بە فیڕۆ نەچوو، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی زۆر باشبوون و پشتگیریی لە یاسای پەرلەمانی عێراق كرد و دەنگەكان بە دەست ھەژمار دەكرێنەوە".

گوتیشی: "من لەگەڵ پوچەڵكردنەوەی سندووقەكان نەبووم، لەبەر ئەوەی ئەگەر پوچەڵ بكرێنەوە ناتوانرێت دەنگەكان بژمێردرێنەوە، چونكە ئەو ئەنجامەی كۆمسیۆن رایگەیاند، ئەوە ئەنجامی ناو سندووقەكان نییە، لە 100% لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیم".

عادل نووری، كە سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی عێراق بوو، بۆ بەدواداچوونی ئاگره‌كه‌ی كۆگای سندووقەكانی دەنگدان لە ناوچه‌ى ره‌سافه‌ى شارى به‌غدا. دەڵێت: "لەكاتی بەدواداچوونماندا تەنھا من گوتم دەنگەكان سووتاون، بەڵام سوتانی ئەو دەنگانە كاریگەری نابێت، چونكە ئێمە ھەموو داتاكانمان لەبەر دەستە، ئێمە وەك ئەو لیژنەیە بەردەوام دەبین لەكارەكانمان و ژمارەیەك كەسیش لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون".

سەبارەت بەوەی كە ئەوان بەو ئاراستەیە كاریان كردووە كە دەنگەكانی كورد لە كەركووك و ھێزی پێشمەرگە كەم بكەنەوە، عادل نووری گوتی: "ئەوەی دەگوترێت چەواشەكارییە و من پێشتر رامگەیاندبوو، كە ئێمە لەگەڵ پوچەڵكردنەوەی 100%ی ھیچ سندووقێكی دەنگدان نیین".

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەبارەی تانەی لایەنەكان سەبارەت بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكاندا و بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، لەسەر سكاڵاكه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ پووچەڵكردنەوەی دەنگی پێشمەرگە و ھێزەكانی ناوخۆ رەتكرایەوە.

ھ.م