گەڕەكە كوردییەكانی كەركووك بە پۆستەری كاندیدە عەرەبەكان دادەپۆشرێن

پۆستەری كاندیدە كوردەكان دەدرێندرێ
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لە کەرکووك هەندێك کەس پەیدابوونە، بە شەوان پۆستەری کاندیدەکان دەدڕێنن، بەڵام لەگەڕەکە کوردییەکان پۆستەرەکان زیاتر دەدڕێندرێن. بەشێکی زۆری کاندیدەکانی عەرەب و تورکمان پۆستەرەکانیان هێناوەتە گەڕەکە کوردییەکان، بە پێچەوانەوە پۆستەر و ریکلامی كاندیدە کوردەکان نەچووەتە گەڕەکە عەرەبی و تورکمانەکان.

دیلان غەفور، کاندیدی یەکێتی لە كەركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "شێواندنی پۆستەر و وێنەی كاندیدە ژنەكان دەبێتە بەربەست بۆ ھاتنە پێشەوەی ژنان لە كۆمەڵگە و كایە سیاسییەكان، پێویستە رێگری لەو كردەوانە بكرێت كە بۆ شكاندنی شكۆی ژنان لە ئارادایە".

بانگەشەی هەڵبژاردن لەکەرکووك بەرەو گەرم و گوڕی زیاتر دەڕوات، هێزە سیاسییەکان لە ململانێیەکی توندی یەکترن بۆ بە دەست هێنانی دەنگی زۆرترینی هاووڵاتییان.

عەبدولڕەحمان خەلیفە، کاندیدی لیستی نیشتیمان دەڵێت: "لە بانگەشەدا پەنجە دەخەینە سەر برینەكان، بەڵام كەس بریندار ناكەین، لای ئێمە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی زۆر گرنگە، چونكە پێچەوانەكەی زیانی بۆ ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێت".

لە کەرکووك حزبە کوردییەکان بەشەش لیست و هاوپەیمانی بەشداریان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە، زۆربەی لایەنەکان ترسیان لە کەم بوونەوەی دەنگەکانیان هەیە، بەڵام حزبە کوردییەکان بەشێوەیەکی گشتی، چاویان لەوەیە لەم هەڵبژاردنە دەنگی شەش کورسی پەرلەمانی لەشارەکە بەدەست بهێنن.

ھ.م