بەھای گەندەڵی شارەكانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

"نزیكەی 40 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێندراوەتەوە"

K24 - ھەولێر

دەستەی دەسپاكی ھەرێمی كوردستان بڕی ئەو پارەیە ئاشكرا دەكات كە لە كەیسەكانی گەندەڵی ساڵی 2018 بۆ حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیان گەڕاندوەتەوە، بەجۆرێك بەھەر سێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆك، دەستەی دەستپاكی توانیویەتی نزیكەی 40 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێنێتەوە.

سەرخیڵ ھاشم، بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە پارێزگای ھەولێر بەھای گەندەڵی بە 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 ھەزار و 200 دینار خەملێندراوە، ھەروەھا بڕی پارەی گەڕێندراوە لە كەیسەكانی گەندەڵی بریتیە لە 3 ملیار دینار مانگانە و 36 ملیار دیناری ساڵانە".

گوتیشی: "بەھای گەندەڵی لە سلێمانی بە 22 ملیار و 735 ملیۆن و 401 ھەزار و 94 دینار خەملێندراوە. بڕی پارەی دەستبەسەردا گیراو لەو پارێزگایە بریتییە لە 17 ملیۆن و 45 ھەزار دینار، بەھای پارەی گەڕێندراوە لە سلێمانی 2 ملیار و 381 ملیۆن و 82 ھەزار و 500 دینار".

لەبارەی پارێزگای دھۆك، سەرخیڵ ھاشم گوتی: "بەھای گەندەڵی لە دھۆك بریتییە لە 8 ملیۆن و 551 ھەزار دینار".

ھ.م