ئیسلامییەكانی كوردستان چاویان لە پۆستە باڵاكانی عێراقە

چەند لایەنێك كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عێراق دیار دەكەن
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ھەرچەندە تەنھا خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانی عێراقن، بەڵام چاویان لە پۆستە باڵاکانە، دوای ئەوەی کاندیدیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ھەبوو، ئێستاش کۆمەڵی ئیسلامی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك کۆمار ھەیە، بەشێك لە بەپرسانیش نایشارنەوە کە دیاریکردنی کاندید بۆ دژایەتی یەکێتی و پارتییە، بەڵام ھەردوو لایەن رەتیدەکەنەوە کە لەسەر بنەمای دژایەتی و رق کاندیدیان ھەبێت.

عومەر گوڵپی، کادری پێشکەوتووی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "كۆمەڵی ئیسلامی ئامادەیە بۆ ھەر ھەماھەنگییەك كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، ئەگەر پارتی و یەكێتی لەسەر سیاسەتی پێشوویان بەردەوام بن و ئامادە نەبن ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ناڕازییەكان بكەن، ئەگەر لە دوای ئەوەبن بە دەنگی كۆمەڵ پلە و پۆست وەرگرن و لەسەر ھەمان شێوازی بەڕێوەبردن بەردەوام بن كۆمەڵی ئیسلامی پشتگیریان ناكات".

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رەخنە لە یەکێتی و پارتی دەگرێت لەوەی ھەردوو لایەن کاریان بۆ یەکدەنگی و یەکھەڵوستی نەکردووە پێش چوونە بەغدا، تا وای لێھات ھەموو لایەنەکان ئازادبن لە دیاریکردنی  کاندید بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق.

عەبدولخالق ماوەتی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "ئەوان داوای یەكڕیزی دەكەن، بەڵام بە داخەوە ئەوە تەنھا لە راگەیاندنەكان دەیڵێن، بەڵام بە كردار جێبەجێی ناكەن، مادام یەكدەنگی نەبێت لە بەغدا، لایەنەكان ئازادن كاندیدیان ھەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق. وەك یەكگرتوو تائێستا ھیچ كاندیدمان نییە".

پۆستی سەرۆك کۆماری عێراق ئێستا بووەتە گەرمترین پرسی شەقام و لایەنە سیاسییەكان، چونکە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە مافی خۆی دەزانێت و پارتیش سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، لەلایەکی دیکەشەوە کۆمەڵی ئیسلامی کاندیدی ھەیە ، ئەمە جگە لە کاندیدە بێ لایەنەکان کە سیڤی پێشکەش دەکەن.

ھ.م