شەڕێكی دیكەی ئەمریكا و ئێران لە عێراق دەستپێدەكات

ھەڵبژاردنەكان ناكۆكییەكان تۆختر دەكەنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراق پەرەدەستێنێ و لە بارەی دەستێوەردانی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، ژمارەیەك لە شارەزایان رایانوایە، ئەمەریکا مەبەستیەتی کاریگەری ئێران لەسەر عێراق کەم بکاتەوه‌ و بۆچوونیان وایە ئەمەریکا پشتگیری مانەوەی حەیدەر عەبادی دەکات.

رێبوار بابکەیی، پسپۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەمریكا دەیەوێت بە ئامرازی سیاسی لەرێگەی كاراكتەری ئایندە بۆسەر دەسەڵات لە عێراق دژایەتی ئێران بكات، لەبەرامبەردا ئێران دەیەوێت بە تەواوی ھەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێ".

ئەمریکا بەشێوەی راستەوخۆ پیشتگیری مانەوەی حەیدەر عەبادی، دەکات له‌ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق مەبەستیەتی لەو رێگەیەوە ھەژموونی ئێران لە عێراق کەم بکاتەوە، ئه‌مه‌ رای شارەزایه‌کی سیاسەتی ئەمەریکا، به‌ڵام پێشیوایە ئەمریكا سەركەوتوو نابێت.

لەوبارەوە کارۆخ خۆشناو، شارەزا لە سیاسەتی ئەمەریکا دەڵێت: "ھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق كە بڕیارە لە مانگی ئایار بەڕێوەبچێت، ئاسان نییە كە لە بەرژوەندی ئەمریكا یان ئێران بێت، بەڵام بە گوێرەی پێشبینیەكان ئێران لە داھاتووشدا زیاتر لە ئەمریكا كاریگەری دەبێت لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق بەتایبەتی شیعەكان، ئێران بە ئاشكرا دەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراق دەكات، بۆیە پێم وایە لە كۆتایدا ئێران براوە دەبێت، چونكە دەسەڵاتدارانی شیعە لە عێراق لەژێر كاریگەری ئێراندان".

بڕیارە لە 12/5/2018، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، جگە لە كێبڕكێی ھێزە ناوخۆییەكانی عێراق، بەر لە دەست پێكردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران زیاتر پەرەدەستێنێ و ھەر لایەنە و پشتگیری لە بەرەیەكی شیعە دەكات بۆ كەمكردنەوەی دەسەڵاتی ئەوەی دیكە لە عێراق.

ھ.م