یەكێتی لە كەركووك بێدەنگی دەشكێنێ

ھێزەكانی عێراق ژن و منداڵی كورد دەكوژن
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی یەكێتی ئاشكرای دەكات، ھەڵسوكەوتی ھێزەكانی عێراق لە كەركووك بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی كورد زۆر توند بووە و چەند كەسێكیان كوشتووە، بۆیە ئەوان بە فەرمی سكاڵا لەسەر ھێزەكانی عیراق تۆمار دەكەن.

ئەڵماس فازڵ، بریاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "لەم ماوەی دواییدا بەشێك لە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق لە كەركووك كاری ناڕەوا بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی شاری كەركووك ئەنجامدەدەن، بەھۆی تەقەكردنی ھێزە ئەمنییەكان بەسەر خەڵكدا منداڵێك لە كەركووك شەھید بوو، ھەروەھا ژنێكی دیكە لە ناوچەی شۆراو و شەھیدكرا، جگە لەوەش لە ھاتن و چوون بۆ دەرەوەی كەركووك ئاستەنگمان بۆ دروست دەكەن".

گوتیشی: "ھێزە ئەمنییەكان ناتوانن خەڵكی كەركووك بپارێزن و دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەن، چەكدارانی داعش بە ئارەزووی خۆیان دێنە ناوچەكە خەڵك دەگرن و دەكوژن".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوە یەكەمجار نییە سكاڵا دژی ھێزەكانی عێراق لە كەركووك تۆمار دەكەین".

داواشی كرد: "بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەكرێ ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش پێكبھێندرێت و پێشمەرگە و ئاسایش تێیدا ئەندام بن".

ھ.م