بۆ به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی مه‌رجی هه‌یه‌

"گۆڕان حکوومەتێکی بەهێزی دەوێت"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

کۆمەڵی ئیسلامی كوردستان مەرجی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دەبێت کابینەی نوێ کێشەی مووچە چارەسەر بکات و خزمەتگوزار بێ، هاوکات ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیش بە کوردستان 24ی راگەیاند گۆڕان حکوومەتێکی بەهێزی دەوێت گوتیشی وەک گۆڕان هێشتا خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە .

فیکەی سەرەتای یارییە سیاسییەکانی نێو پەرلەمانی کوردستان لێدرا و ئیستا هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەتێکی نوێیە.

هەرچەند گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان دەستیپێنەکردووە، بەڵام لایەنەکان مەرجەکانی خۆیان یەکلاکردووەتەوە. بزووتنەوەی گۆڕان گەرچی بێئومێدە، بەڵام هێشتا خۆی یەکلا نەکردووەتەوە لە ئەگەری بەشداریکردن لە کابینەی نوێدا.

کۆمەڵی ئیسلامیش کە پێشتر هاوشێوەی گۆڕان حکوومەتی جێهێشت، ئێستا چاوی لەوەیە کێکی دەسەڵات لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا بەشبکات، بەڵام مەرجی خۆی هەیە.

گەرچی یەکگرتووی ئیسلامی ئۆپۆزسیۆنبوونی هەڵبژاردووە، بەڵام وەک کوردستان 24 زانیویەتی لە ناو کۆمەڵی ئیسلامی خواستێکی بەهێز هەیە بۆ بەشداری لە حکوومەت، لەنێو گۆڕانيشدا ویستێکی بەهێز هەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنبوون ، بڕیاری کۆتاییش پێویستی بە مۆری جڤاتە.