دوایین زانیاری لەبارەی ھێرشەكەی داعش بۆسەر گوندێكی گوڵاڵە

ژمارەی كوژراوان زیاتربووە
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

بە گوێرەی زانیارییەكانی ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان، ژمارەی كوژراوانی داعش لە ھێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر گوندێكی گوڵاڵە "جەلەولا" گەیشتووەنەتە سێ چەكدار. سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ناوچەكە دوایین زانیاری لەبارەی رووداوەكە بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات.

سەرچاوەیەك لە ئاسایشی گەرمیان، كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24 راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ تەرمی دووچەکداری دیکەی داعش دۆزرانەوە و ژمارەی کوژراوانی داعش لە شەڕەكەی شەوی رابردوو گەیشتە سێ کوژراو".

 سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو ھێرشەی شەوی رابردوو چەکدارانی داعش کردیانە سەرگوندی سلێمان وەھاب لە ناچەی شێخ باوەی سەر بە جەلەولا، بووە ھۆی کوژرانی سێ ھاووڵاتی گوندەکە و برینداربوونی پێنچ ھاووڵاتی دیكە، كە ھەر لەو شەڕەدا سێ چەکداری داعش لەلایەن ھاووڵاتیانی گوندەکەوە کوژران. ھەرچەندە دانشتوانی گوندەکە بەرگریەکی باشیان کردوو چەند کاتژمێرێك لەگەڵ داعش شەڕیان کرد، بەڵام ھێزەکانی سوپای عێراق لە نزیکی گوندەکە بارەگایان ھەیە و نەیانتوانیوە بەھانای خەڵكی گوندەكەوە بچن".

لە دوای 16 ئۆکتۆبەری 2017 كەركووك و بەشێك لەناوچەكانی ناوچەی گەرمیان، كەوتوونەتە دەستی ھێزە عێراقییەکان ئەوەش بووەتە ھۆکاری زیادبوونی داعش و زۆر بوونی کردەوەی تیرۆرستی لەو ناوچانە.

ھ.م