یاسایەك لە بەرژەوەندی پەرلەمانتاران دەردەكرێت

سەرۆك وەزیران تانە لە یاساکە دەدات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

یاسای خانەنشینی پەرلەمانتارانی عێراق کە چەندین ماف و ئیمتازاتی بۆ پەرلەمانتاران دیاریکردووە و لە کۆتا تەمەنی یاسایی پەرلەمانتاران پەسەندیان کرد، ئێستاش نیگەرانی ھاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، خۆزگا پەرلەمانتاران ھێندە لە خەمی خۆیانن، ئەوەندەش لەخەمی میللەت بووان ئێستا دۆخەكە بەمشێوەیە نەدەبوو.

رەفیق رەوف، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی سلێمانییە، ئەو دوای 35 ساڵ لەخزمەتی پێشمەرگایەتی و خانەنشینبوونی، ھێشتا کرێچیشە، ئەو بەگلەییەوە باس لە مووچە خانەنشینیەكەی دەكات و دەڵێ، چەند مانگ جارێک وەریدەگرێ، رووی دەمی دەکاتە ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە لەپەرلەمانی عێراق دەنگیان بە خانەنشینبوونی خۆیانداوە و پێیان دەڵێت، دەبوایە بیریان لای میللەت بووایە نەك گیرفانی خۆیان. ئەو دەشڵێت: "با مافەكان بە عەدالەت دابەش بكرێن، پەرلەمانتارەكان با بەپێی خزمەت مووچەی خانەنشینیان بۆ ببڕدرێتەوە".

بەگوێرەی یاسای خانەنشینی عێراقی، پەرلەمانتار کاتێك خانەنشین دەبێت، دەبێت 15 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەنی بێت، کەچی لەو یاسا نوێیەی کە پەرلەمانتاران پێش کۆتای ھاتنی تەمەنی یاسایان پەسەندیانکردووە، چەندین ماف و ئیمتیاز بە پەرلەمانتاران دراوە، ئەوەش بەشێکی زۆری ھاووڵاتیانی نیگەران کردووە.

لەسەر ئەو پرسە نەجیبە نەجیب، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 گوت: "ئەو یاساییەی ئێستا ئیمتیازات و خانەنشینی بۆ پەرلەمانتاران پێ بڕاوەتەوە پەیوەندی بەوە نییە، بەڵكو یاسایەك بۆ رێكخستنی كاروبارەكانی پەرلەمانە، بەتایبەتی پەیوەندییەكان".

ھەفتەی رابردوو سەرۆک کۆماری عێراق مەرسوومی خانەنشینکردنی بۆ 328 پەرلەمانتارای خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرکرد، سەرۆك وەزیرانیش یاسای ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی رەتدەکاتەوە و تانە لە یاساکە دەدات و بەو پێەی بە تەمومژاوی پەسەندکراوە و پێشووتر رەزامەندی حکوومەتی بۆ وەرنەگیراوە و لەکاتێکدا یاساکە لایەنی ئابووری لە خۆ دەگرێت.

ھ.م