جهيمس جێفرى: به تێگهيشتن لهگهڵ ئێمه و ههسهده پێشمهرگه چووهته رۆژئاواى كوردستان
K24 – ههولێر:
جەیمس جێفرى، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رايگهياند، چوونی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای کوردستان بە تێگەیشتن بووە لەگەڵ ئەمریکا و ھێزەکانی سووریای دیموکرات.
لە پانێڵیکدا لە دامەزراوەی ئەنتڵنتیک کاونسڵ لە واشنتن نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتى: بە بەراورد بە رۆژانی پێشوو ئێستا بارودۆخ لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا ئارامترە.
ههروهها گوتى: "پێمانوایە ھەرجۆرە ھێرشێک بۆ سەر باکووری رۆژھەڵاتی سوریا بیرۆکەیەکی خراپە. ئەو کاتەش کە لە ئەنقەرە بووم ئەم ھەڵوێستەم گەیاندووەتە بەرپرسانی تورکیا و نوێنەری سەرۆک ئەردۆغان".
سهبارهت به پاساوهكانى توركيا بۆ هێرشكردنه سهر رۆژئاواى كوردستان، جيفرى گوتى: "ئێمە دەزانین کە تورکیا نیگەرانه لە بارودۆخی ئەمنی باکووری رۆژھەڵاتی سوریا و پێیانوایە پەیەدە ھەڕەشەیە بۆ سەریان. وەک چۆن ئیسرائیل حیزبوڵڵا لەسەر سنوورەکانی بە ھەڕەشە دەزانێت بۆ وڵاتەکەی. وەک چۆن سعودیە حوسیيەکانی سەر سنوورەکەی بە ھەڕەشە دەزانێت بۆ سەر خۆی. دەبێ ئێمە حساب بۆ ئەم نیگەرانیانە بکەین و گرنگیشمان بە نیگەرانیەکانیان داوە. ئێمە لەگەڵ تورکەکان کاردەکەین و پێموایە ئێستا بارودۆخە بەبەروارد لەگەڵ پێشتر زۆر ئارامترە".