ماچی راسته‌وخۆ به‌رۆكی په‌یامنێران به‌رنادات
K24 - هه‌ولێر:
پێش چه‌ند رۆژێك وێنه‌ی په‌یامنێرێكی میسیری بڵاوكرایه‌وه كه له‌لایه‌ن هانده‌رێكی رووسییه‌وه له‌و كاته‌ی راسته‌وخۆ قسه ده‌كات و رووماڵی یارییه‌كانی مۆندیال ده‌كات ماچ ده‌كرێت. به‌ڵام خه‌ریكه ماچكردنی په‌یامنێره‌كان له حاڵه‌ته‌وه ده‌بێته دیارده و به‌رفراوان ده‌بێت.
هه‌مان حاڵه‌ت به‌رۆكی به جولیس گۆنزالیس، كچه كۆڵۆمبییه‌كی په‌یامنێری كه‌ناڵی DWـی ئه‌ڵمانیش گرتووه، ئه‌ویش له یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی شاری سارانسكلمۆگف، له كاتی رووماڵی راسته‌وخۆی جامی جیهانیی یه‌كێك له هانده‌ره‌كان ده‌ستی له سنگی داوه‌و ماچی كردووه.
جولیس ده‌ڵێت: "ماوه‌ی دوو كاتژمێر له‌و شه‌قامه‌دا له‌ناو خه‌ڵكدا بووم، هیچ شتێك رووینه‌دا، به‌ڵام كه راسته‌وخۆ ده‌ستم به قسه‌كردن كرد، ئه‌و پیاوه ده‌رفه‌ته‌كه‌ی قۆسته‌وه‌و هاته ته‌نیشتمه‌وه‌و ده‌ستی بۆ سینگم برد و ماچیشی كردم".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پاش ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆكه‌م ته‌واوكرد ته‌ماشای ده‌وربه‌ری خۆم كرد و بۆی گه‌ڕام، به‌ڵام به‌خێرایی شوێنه‌كه‌ی جێهێشتبوو و هیچ چاوه‌ڕوانییه‌كی نه‌كردبوو. له راستیدا دژی ئه‌و جۆره هه‌ڵسوكه‌وته‌م، هه‌ر چه‌نده رێز له خۆشی و شادی هانده‌ره‌كان ده‌گرم كه به سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌كانیان خۆشحاڵن، به‌ڵام پێویسته سنوورێك له‌نێوان شادی ده‌ربڕین و بێزاركردندا هه‌بێت".
رۆژی 19/6 له كاتی رووماڵی یاریی نێوان میسر و رووسیادا، له‌ناكاو یه‌كێك له هانده‌ره‌كان په‌یامنێری كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌ی ماچ كرد و دواتر به پێكه‌نینه‌وه په‌یامه‌كه‌ی خۆی گه‌یاند.
ساڵانی پێشتریش حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه روویداوه. ساڵی 2014 له كاتی به‌ڕیوه‌چوونی چالاكییه‌كانی جامی جیهانییدا، جیهاد یوسف، بێژه‌ری كه‌ناڵی beIN Sport رووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستێكی له‌و جۆره بوویه‌وه و له‌ناكاو و راسته‌وخۆ كچه هانده‌رێكی به‌رازیلی ماچی كرد.
هه‌روه‌ها له كاتی رووماڵی یارییه ئۆڵۆمپییه‌كاندا ساڵی 2012 له له‌نده‌ن، كچێك له ناكاو بێژه‌ریكی كه‌ناڵی سكای نیوزی عه‌ره‌بی ماچكردووه.