ھێزەكانی عێراق ھێرشێكی فراوانییان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای موسڵ دەستپێكرد
K24 - ھەولێر
شانەی میدیای جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق، رایگەیاند، ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی و بەرپەچدانەوەی خێرا، بە پاڵپشتی كەتیبەی تۆپخانە و مووشەك، ھێرشەكانییان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكی مووسڵی كۆن و مزگەوتی نوری دەستپێكرد.
ھاوكات، ھێزەكانی دژە تیرۆری عێراق دەستییان بە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گەڕەكەكانی شیفا و زەنجیلی كردووە و توانییان بگەنە نێو گەڕەكی زەنجیلی.
چیمەن عادل پەیامنێری كوردستان24، لە مووسڵ رایگەیاند: "دژە تیرۆری عێراق چووەتە نێو گەڕەكی شیفا و سەحەی یەك و نەخۆشخانەی كۆماری، ھەروەھا پۆلیسی عێراق چوونەتە ناو گەڕەكی زەنجیلی لە رۆژئاوای مووسڵ".
تاكو ئێستا 4 گەڕەك و چەند ناوچەیەك لە رۆژئاوای شارەكە بەدەست چەكدارانی داعشەوەن.