ئاراسته‌ی خۆپیشاندانی به‌غدا به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز ده‌گۆڕێت
K24 - هه‌ولێر:
نێردراوی كوردستان 24 له به‌غدا رایگه‌یاند، ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان له گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غدا گۆڕاوه و خۆپیشاندان ده‌چنه نزیك ناوچه‌ی سه‌وز.
سۆران كامه‌ران، نێردراوی كوردستان 24 له به‌غدا، رایگه‌یاند، ئێستا خۆپیشانده‌ران خه‌ریكن ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كه ده‌گۆڕن و رووه و ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا ده‌چن، كه زۆربه‌ی داموده‌زگا حكوومییه‌كان و ماڵی به‌رپرسانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی لێیه.
په‌یامنێری كوردستان 24 راشیگه‌یاند، ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر له هێزه ئه‌منییه‌كان بڵاوه‌یان پێكراوه و ته‌واوی ئه‌و رێگانه‌ی ده‌چنه‌وه گۆڕه‌پانی ته‌حریر داخراون و هه‌زاران خۆپیشانده‌ر له شوێنه‌كه‌ن.
هاوكات له به‌غدا و به‌سڕه، خۆپیشاندان له شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقیش، وه‌كو بابل، میسان، دیوانیه و زيقار ده‌ستیپێكردووه.
له به‌سره هێزه ئه‌منییه‌كان، پشتێنه‌یان به ده‌وری باڵه‌خانه‌ی پارێزگا درووستكردووه و خۆپیشانده‌ران له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌كه كۆبوونه‌ته‌وه.
له بابلیش هێزه ئه‌منییه‌كان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر خۆپیشانده‌ران و 7 خۆپیشانده‌ر برینداربوونه.
ماوه‌ی 13 رۆژه خۆپیشاندان له شاره‌كانی باشووری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هۆكاره‌كانیش، نه‌بوونی كاره‌با، كه رۆژانه 2 كاتژمێر كه‌متر كاره‌بای نیشتمانی‌یان هه‌یه و مۆلده‌كانیش توانای دابینكردنی ئه‌و بڕه زۆره‌یان نییه كه‌ماوه.
نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه، كه به‌هۆی سرووشتی ناوچه‌كه، ئاوی خواردنه‌وه‌یان سوێره و تا ئێستا نه‌توانراوه ئاوی سازگار بۆ به‌شێكی زۆر له دانیشتووانی شاره‌كه دابین بكرێت.
هاوكات بێكارییه‌كی كوشنده له ریزی گه‌نجانی پارێزگای به‌سڕه و ناوچه‌كانی دیكه هه‌یه و له پارێزگاكانی باشووری عێراقیش، به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه.
خۆپیشاندانی به‌غدا
خۆپیشاندانی به‌سره
ا. م