فیلمی خەونی پێش مردن لە ھەولێر نمایشكرا

باسی رۆڵی پێشمەرگەیەك دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە شاری ھەولێر فیلمی خەونی پێش مردن نمایشكرا، كە باسی لە رۆڵی پێشمەرگەیەك دەكات دوور لە خانەوادەكەی دەجەنگێت و كاری سەرەكی پوچەڵكردنەوەی ئەو مینانەیە كە چەكدارانی داعش دایان ناون، رۆڵی سەرەكی ئەم پێشمەرگە ھونەرمەندی ناسراوی كورد دەلیل دیلانار گێراویەتی، دوای ئەم نمایشە تایبەتەی لە ھەولێر بڕیار وایە لە چەند وڵاتێكی دیكەش نمایش بكرێت.

فکری بارۆژی، دەرھێنەری فیلمەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "فیلمەكە 90 خولەكە و باس لە رۆڵی ئەو پێشمەرگانە دەكات كە بەرامبەر بە چەكدارانی داعش جەنگین و گیانی خۆیان كردە قوربانی كوردستان، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی بژی، بۆ نموونە شەھید دكتۆر سلێمان و شەھید فاخیر بەرواری. لە فیلمەكەدا باسی ئەوەكراوە كە 40 كەس لە شەڕی داعش كاری ئەندازیاری مین لابەریان كردووە، دەتوانین بڵێین چیرۆكی فیلمەكە بەسەرھاتێكی راستەقینەیە".

ھونەرمەند دەلیل دیلانار، كە رۆڵی سەرەكی لە فیلمەكە دەبینێت ئەو دەڵێت: "سەرەتا كاتێك كاك فكری دەرھێنەر داوای لێكردم بەشداری ئەو فیلمە بكەم، پێم گوت من ئەكتەر نیم و بەشدریم لە فیلم نەكردووە، بۆیە بەشداریكردنم لەو فیلمە بووە ئەزموونێكی مەزن".

فیلمی خەونی پێش مردن، زیاتر لە ساڵێكە بەرھەم ھێندراوە و ساڵی رابردوو لە فێستیڤاڵی فیلم لە شاری دھۆك خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا. بڕیاریشە دوای ھەولێر لە چەند وڵاتێكی دیكە نمایش بكرێت.

ھ.م