ئاوارە عەرەبەکان متمانەیان بە بەڵێنی لیستە عەرەبییەکان نییە

"بەڵنێك بە خەڵك نادەین كە نەتوانین جێبەجێی بكەین"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

به‌شێك له‌ ئاوارە عه‌ره‌بەکانی نیشته‌جێی سلێمانی ده‌ڵێن، ته‌نیا 30% متمانه‌یان به‌ به‌ڵێنی لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كان هه‌یه‌، كاندیدێكی كوردی لیسته‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش له‌ سلێمانی رایدەگەیەنێت، به‌ڵێنێك ناده‌ن كه‌ دڵنیا نه‌بن له‌وه‌ی ناتوانن پابه‌ندی بن.

‎ محه‌مه‌د فازڵ، خوێندكاری ماستەرە و لە ئەنبارەوە هاتووەتە سلێمانی سەرقاڵی خوێندنە،  ده‌رباره‌ی هەڵبژاردنی خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، بە كوردستان24 گوت: "پێشتر كاندید و لیستە عەرەبیەكانمان تاقیكردووەتەوەو تەنیا لە 30% بەڵێنەكانیان بەجێهێناوه‌. بە بڕوای من گرنگ نییە كاندید لە كام تایفە و نەتەوەیەكە، گرنگ ئەوەیە توانای ئیدارەدانی ئەم نیشتمانەی ھەبێت، دەنگ بەو لیست و كاندیدە دەدەم كە پێم گونجاوە".

جیاواز له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئه‌مجاره‌ ‎چەند لیستێكی عەرەبی له‌ نێویاندا هاوپەیمانێتی ئەلنەسر به‌ سه‌رۆكایه‌تی حەیدەر عەبادی، لە هه‌رێم كاندیدیان هەیە.

ژیان ره‌شید، كاندیدی لیستی هاوپەیمانی ئەلنەسر لە سلێمانی دەڵێت: "ئێمە بەڵنێك بە خەڵك نادەین كە نەتوانین جێبەجێی بكەین، ھیواخوازین لە داھاتوودا ئێمە بتوانین كاربكەین و كێشەكانی كوردستان بگەیەنینە بەغدا و ھاوكاری خەڵك بكەین".

پرسی بەڵێنی كاندیدو لیسته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ك و بێ متمانەیی دەنگدەران له‌لاكه‌ی دیكە، بوونه‌ته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ چاوەڕوان نەكراوبێت، جیا له‌وه‌ی تا ئێستا زیاتر لە 150 هەزار كارتی دەنگدان لە پارێزگای سلێمانی لە لایەن دەنگدەرانەوە وەرنەگیراوەتەوە.

ھ.م