رێبوار تاڵەبانی نامەیەك بۆ بارزانی دەنێرێ

داوایەك لە دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەكات
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك بە وەکالەت لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆسەی دادگاییکردنی لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کەرکووك بۆ رۆژی 2 مانگی داهاتوو دواخراوە.

گوتیشی: "نووسراوێكی فەرمی لەبارەی كەیسی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، بۆ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و مەكتەبی سیاسی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دەنێرم و داوا دەكەم بێنە نێو كەیسەكە و پاڵشتی بكەن".

راشیگەیاند: "ئەگەر كەیسەكە لە رێڕەوی یاسایی و دەستووری خۆی دەرنەچێت، ئێمە كێشەمان نییە، چونكە بڕیارەكەمان یاسایی و دەستوورییە، بەڵام پێویستە ئەنجوومەنێك بۆ داكوكیكردن لە كەیسی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك دروست بكرێت، دەبێ بە سەرپەرشتی ئەو كەس و دامەزراوانەی كوردستان بێت كە نامەكەیان ئاراستە دەكەم".

رێبوار تاڵەبانی، ئەوەشی خستەڕوو: "سوپاسی ھەموو گەلی كورد دەكەم بۆ پاڵشتی كردن لەو كەیسە، بەڵام بە پاڵشتی مەعنەوی ئەو كەیسە بە ئەجندا كاری لەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی دواتر ھیچ كەس و لایەنێك گلەیی لە یەكتر نەكات".

رۆژی 28 ئاداری2017 ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە كۆی دەنگ بڕیاریدا ئاڵای كوردستانی لەسەر دامودەزگا حكوومییەكانی شارەكە ھەڵبكرێت، ئەمەش كاردانەوەی لەلایەن بەشێك لە توركمان و عەرەبەكانی كەركووك و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی بەغدا لێكەوەتەوە، پاشان بەرەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە دادگای فیدراڵی عێراق سكاڵایان دژی رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە تۆماركرد و تا ئێستا دووجار دانیشتنی دادگاییكردنی دواخراوە.