یه‌كێتی داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
گوتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا دەکات، به‌رپرسانی باڵای پارتی و حزبەکەی هه‌وڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوانیان بده‌ن، لە بەرامبەردا بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی دەڵێت: لە چەند رۆژی داھاتوودا پارتی دەرگای گفتوگۆ به‌ڕووی ھەموو لایەنەکاندا ده‌كاته‌وه، بێ ئەوەی بە تەنھا ناوی یەکێتی بھێنێت.
له‌مباره‌یه‌وه سه‌عدی پیره، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا دووپاتیكرده‌وه، "له‌سه‌ر هه‌ندێ پرس ناكۆكیمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌بووه، به‌ڵام مانای ئه‌وه نییه كه ناتوانین به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین".
له‌به‌رامبه‌ریشدا خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسیی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 جه‌ختی كرده‌وه، "هه‌موو ئه‌وه‌ی پێشتر قبووڵمان كرد، له‌پێناو پاراستنی سه‌قامگیری و باشكردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵكی كوردستان بوو، له‌كاتێكیشدا هه‌موو ئه‌وه‌شمان قبووڵكرد كه له هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به پارتی كرا، بۆئه‌وه‌ی له به‌غدا یه‌كده‌نگ بین، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌چاوی خۆمان بینی له په‌رله‌مانی عێراقیش دووباره چی‌یان به‌رامبه‌ر پارتی كرده‌وه"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ خیانه‌ته‌كه‌ی 16ی ئوكتۆبه‌ر و دواتریش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق.
ماوه‌ی زیاتر له ھەفتەیەکه، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لیژنەیەکی باڵای به سه‌رۆكایه‌تی بافڵ تاڵه‌بانی پێکھێناوە، دەیانەوێت لە رێگای ئەو لیژنەیە لەگەڵ پارتی بێنەوە خاڵی سەرەتا، بەڵام تا ئێستا پارتی وەڵامی یەکێتی نەداوەتەوە و ئەو حزبەی لە چاوەروانی ھێشتووه‌ته‌وه.
H.B