ژمارەی موختاره ژنهكان لە باكووری كوردستان زیاد دەبێت
K24 - وان
بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی شارەوانییەكان، لە شارەكانی باكووری كوردستان و تورکیا. لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا ژمارەی موختاری ژن زیاد بووە.
لە ھەڵبژاردنی ئەمساڵی شارەوانییەكانی باكووری كوردستان و توركیادا، كە لە 31/3/2019 بەڕێوە چوو، 80 ژن بۆ موختار خۆیان كاندید كردبوو، 4 ژن بوون بە موختار، كه پێشتر تەنھا یەك ژن موختار بوو.
نورتەن ساغڵام، پێشتر دوكاندار بوو و دایكی چوار منداڵە، كه بۆ یەكەم جاره دهبێته موختاری گەڕەكی باجچەڤانی شارۆچكەی ئەرمووشی پارێزگای وانی باكووری كوردستان، بە كوردستان24ی گوت: "لە كاتی ھەڵبژاردنەكاندا پشتیوانییەكی بەھێزم ھەبوو، بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە، لە دوای دەستبەكاربوونیشم پەیوەندییەكی باشم لەگەڵ خەڵكی گەڕەك دروست كردووە و گوێ لە داخوازییەكانیان دەگرم، بۆ ئەوەی بتوانم خزمەت بە خەڵكی گەڕەكەكەم بكەم".
بەشێك لە دانیشتوانی باكووری كوردستان پێیانوایە، ژنان بۆ راییكردنی كارەكانیان لە پیاوان باشترن و دەتوانن خزمەتی زیاتری خەڵك بكەن.
ھ.م