فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵێکی فەڕەنسی کێبڕكی دەکات

سەهیم عومەر لەرێگەی سێ کورتەفیلمەوە ٩٨ خەڵاتی بەدەستهێناوە
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

یەکەم فیلمی درێژی سینەماکاری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، بەناوی "زاگرۆس" لە 18یەمین خولی فێستیڤاڵی نیودەوڵەتیی فیلمی ئارەس – Arrasـدا بەشدارە.

فێستیڤاڵەکە لە 3 تاوەکو 12 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر لە شاری ئارەس لە فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.

لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵدا، تەنها نۆ فیلم لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا لە پێشبڕکێدان و کێبڕکی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ دەکەن، "زاگرۆس" یەکێک لەو فیلمانەیە.

 لەلایەکی دیکەوە ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت – Gent ـدا بەشداردەبێت کە بە گەورەترین و گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە بەلژیکادا دەناسرێت.

لە بەشی پێشبڕکێی فیلم لە فێستیڤاڵدا، 12 فیلم لە کێبڕکێدان، بەڵام تەنها یەک فیلم نوێنەرایەتی بەلژیکا دەکات، ئەویش "زاگرۆس"ـە کە چیرۆکێکی کوردی هەیە و گرێدراوی بەلژیکایە.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵ لە 10 تاوەکو 20 تشرینی یەکەم/ ئۆکتۆبەر لە شاری گێنت لە بەلژیکا بەڕێوەدەچێت.

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک بەناوی زاگرۆس دەگێڕێتەوە کە هاوژینی خۆی زۆر خۆشدەوێت، بۆ ئەو کوردستان بەهەشتە، بەڵام هاوژینەکەی هاڤین و کچەکەی رەیهان، روودەکەنە بەلژیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیاردەدات بچێتە ئەو وڵاتە.

لە بەلژیکا زۆر شتی نوێ لەبارەی هاوژینەکەیەوە دەزانێت و متمانەی جارانی پێ نامێنێت، بۆیە دەخوازێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نیشتمان.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە باکووری کوردستان، یۆنان و بەلژیکا وێنەگیراوە.

لەم بەرهەمە سینەماییەدا، هەریەکە لە فەیاز دۆمان، حەلیما ئێلتەر و سوات ئۆستا و هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، هۆزان برادەر، رۆڵ دەگێڕن.

"زاگرۆس" بەرهەمێکی هاوبەشی بەلژیکا و هۆڵەندایە، پرۆدیۆسەری سەرەکی فیلمەکە دریس فالیپۆیە و سەهیم عومەر، جەین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکەیان ئامادەکردووە.

کارێ وێنەگرتن، دەنگ و مۆنتاژی فیلمەکە، لەلایەن سینەماکارانی بەلژیکی و هۆڵەندییەوە کراوە.

"زاگرۆس" جگە لەم فێستیڤاڵە، لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەی سینەماییدا وەرگیراوە.

لەلایەکی دیکەوە نمایشی فیلمی "زاگرۆس" لە 15 تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر 2017 لە هۆڵە سینەماییەکانی بەلژیکا دەستپێدەکات.

سەهیم عومەر خەلیفە، پێشتر لەرێگەی کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، "وڵاتی پاڵەوانان" و "نێچیرڤانی خراپ"، ٩٨ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا وەرگرتووە.

دوو ساڵ بەسەریەکەوە کورتەفیلمی "میسی بەغداد"، دواتریش "نێچیرڤانی خراپ"، لە لیستی 10 کورتەفیلمە کاندیدکراوەکان بوون بۆ خەڵاتی ئۆسکاری باشترین کورتەفیلم.