بەری راستی مووسڵ بە وێرانی دەمێنێتەوە

ئەو بڕە پارەیەی بەناوی مووسڵ كۆكراوەتەوە دیارنامێنێ
kurdistan24.net

K24 - مووسڵ

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ساڵێکە شاری مووسڵ، لەلایەن هێزەکانی عێراق بەھاوكاری ھاوپەیمانان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە، بەڵام هێشتا خانوو و باڵەخانەکانی گەڕەکەکانی بەری راستی شارەکە ئاوەدان نەکراونەتەوە و پاشماوەکانی شەڕ لەنێو کوچە و کۆڵانەکانی ئەو بەشەی مووسڵدا هەڵنەگیراونەتەوە، هاووڵاتییانش داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەکەن پابەندی بەڵینەکانیان ببن و شارەکەیان ئاوەدان بکەنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەست بە ژیان بکەنەوە.

عه‌مار عه‌لی، یەكێكە لە ھاووڵاتییانی دانیشتووی بەری راستی مووسڵ ئەو بە كوردستان24 گوت: "ئێمە 60 ساڵە لێرە دەژین، بەھۆی شەڕی داعش ماڵەكانمان وێران بوونە، داوا لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین، گەڕەك و ماڵەكانمان ئاوەدان بكەنەوە".

ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی بەری راستی مووسڵ بەناوی حه‌سه‌ن حه‌مادی، دەڵێت: "داواكاری ئێمە تەنھا شار ئاوەدان بكەنەوە و ماڵەكانمان چاكبكرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێتەوە مووسڵ، بەری راستی مووسڵ وێران بووەو ھیچ كاروكەسابەتێك نییە، دەبێ حكوومەت ئاوەدانی بكاتەوە بۆ ئەوەی ژیان لێرە بەردەوام بێت".

سەیدۆ چەتۆ: سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە كوردستان24 راگەیاند: "دیمەنی وێرانەی مووسڵ خۆی دەوێت، پێویستە بپرسین كوا ئەو پارەیەی لە وڵات و رێكخراوە نێودەوڵەتی بۆ مووسڵ تەرخانكراوە چی بەسەرھاتووە؟".

رۆژی 6 حوزەیرانی 2014، داعش هێرشی بۆ سەر شاری مووسڵ دەستپێكرد و لە 10 حوزەیران بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆی هێزەکانی عێراق تەواوی ئەو شارەی کۆنترۆڵکرد. دوای زیاتر لە سێ ساڵ 10/7/2017 حكوومەتی عێراق ئازادكردنی شاری مووسڵی راگەیاند و دواتریش لە 9/12/2017 لەناوبردنی داعش لە عێراق راگەیەندرا، بەڵام تائێستاش داعش لە عێراق چالاكی سەربازی ئەنجامدەدات.

ھ.م