عەبادی داوایەك لە فراكسیۆنەكان دەكات

پەیامێك بۆ فوئاد مەعسووم دەنێرێ
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق داوا لە سەرۆك کۆمار دەکات، داوای کۆبوونەوە لە پەرلەمان بکات بۆ ئەوەی کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ راسپێردرێت.

عەبادی، لە گوتارێکیدا بەبۆنەی پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد پەلە لە رێککەوتن لەسەر کارنامەی حکوومەتی داهاتوودا بکەن.

حەیدەر عەبادی گوتی: "داوا لە سەرۆك کۆمار دەکەم، داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکات، بە زووترین کات و لە کاتێکی دیاریکراوی دەستووریدا کۆببێتەوە، تاوەکو دەست بە رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆك کۆمار بکرێت، هەروەها کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو راسپێردرێت، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران متمانە بە حکوومەت بدرێت و دەست بەکارەکانی بکات".

ھ.م