ئه‌شواق جاف: عه‌بادی له‌ترسی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور له مێزی گفتوگۆ راده‌كات
K24- هه‌ولێر:
له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان 24، ئه‌شواق جاف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی لێدوانه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌باره‌ت به مافه‌كانی كورد، به‌تایبه‌ت كه له‌دوا گوتاری هه‌فتانه‌یدا عه‌بادی گوتبووی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت فێڵم لێ بكات، رایگه‌یاند، "ئه‌وه خودی عه‌بادییه كه خۆی له‌ڕاستییه‌كان ده‌زێته‌وه و نایه‌وێت مافی كورد و پێشمه‌رگه بدات".
هه‌روه‌ها گوتیشی، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام داوای گه‌ڕانه‌وه بۆ مێزی گفتوگۆ ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی عه‌بادی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاراسته‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به به‌ڵگه بیسه‌لمێنێت و، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌گوێره‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام عه‌بادی نایه‌وێت بێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ، چونكه ده‌زانێت ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ی كرد، پێویسته ده‌ستوور له یه‌كه‌م مادده‌وه تا دوا بڕگه جێبه‌جێ بكات، كه ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی خواسته تایبه‌ته‌كانی ئه‌وه". دووپاتیشكرده‌وه، "ئه‌وه‌ی عه‌بادی له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه‌وه باسی لێوه ده‌كات، ته‌نیا قسه‌یه و هیچ نیازێكی له‌مباره‌یه‌وه نییه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئه‌و مامه‌ڵه‌ی عه‌بادی له‌گه‌ڵ كورد، له‌ئه‌نجامی تووشبوونیه‌تی به نه‌خۆشی پاڵه‌وانێتی و خۆبه‌زل زانین و له‌خۆبایی بوون، كه واده‌زانێت پاڵه‌وانێكی سیاسی و سه‌ربازی بێوێنه‌یه له گۆڕه‌پانی عێراق و، دوای شكسته‌كانی مالكی ئه‌و خۆی به گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانی خاوه‌ن شان و شه‌وكه‌ت ده‌زانێت، له‌كاتێكدا عه‌بادی له‌بیری چووه ئه‌و هه‌موو كشانه‌وه‌ی له‌و لیسته روویدا كه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراقی پێكیهێنابوو، خۆی له‌خۆیدا به‌ڵگه‌یه بۆئه‌وه‌ی كه له‌لایه‌نی سیاسییه‌وه شكستی هێناوه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌رووی سه‌ربازیشه‌وه پلانی شه‌ڕی داعش له‌نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و هاوپه‌یمانانه‌وه داڕ‌ێژرابوو، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه له شه‌ڕی مووسڵ ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كردبایه و، تاگه‌یشتن به سه‌نته‌ری ئه‌و شاره‌ی كۆنترۆڵی نه‌كردبا و رێگاكه‌ی پاك نه‌كردباوه، هه‌رگیز هێزه عێراقییه‌كان نه‌یانده‌توانی بچنه ناو ئه‌و شاره، به‌ڵام چاوه‌كانی عه‌بادی ناتوانن ئه‌م راستیانه ببینن".
سه‌باره‌ت به‌و دوا لێدوانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له شاری به‌سره‌ش، كه له‌باره‌ی بودجه‌ی هه‌رێمه‌وه گوتبووی، پشكی كورد ته‌نیا ئه‌وه‌ندیه و ده‌بێت قبوڵی بكات، جاف جه‌ختی كرده‌وه، "نابێت كورد وشه‌ی "ده‌بێت" له‌عه‌بادی قبوڵ بكات، چونكه ئێمه به "ده‌بێت" كارناكه‌ین و بنه‌مای كاركردنی ئێمه ده‌ستووره نه‌ك "ده‌بێت"".
هه‌روه‌ها دووپاتیشیكرده‌وه، "له‌كاتێكدا كورد نه‌یتوانی شایسته داراییه‌كانی جوتیاران، مووچه‌ی پێشمه‌رگه، فه‌رمانبه‌ران و بودجه‌ی هه‌رێم به‌ده‌ست بهێنێت، بوونی كورد هیچ واتایه‌كی له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقدا نه‌ماوه و، ئه‌گه‌ریش فراكسیۆنه كوردییه‌كان و سه‌رۆك كۆمار ئه‌و غه‌در و ناعه‌داله‌تییه‌یان له به‌غدا قبوڵ كرد، نابێت میلله‌ت لێیان خۆشبێت". جه‌ختیشی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر عه‌بادی له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رده‌وام بێت، پێویسته كورد له پرۆسه‌ی سیاسی بكشێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی عه‌بادی له‌سه‌ر ئاستی جیهان بخرێته دۆخێكی خه‌جاڵه‌تكارییه‌وه، ئه‌و كات كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش كه ئێستا پشتگیری له عه‌بادی ده‌كات، ناچاره بێته سه‌رخه‌ت".
له به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا بۆ كوردستان 24، ئه‌شواق جاف له‌باره‌ی كێشه داراییه‌كانی هه‌رێم و پێشێلكردنی مافه داراییه‌كانی خه‌لكی كوردستان گوتی: "په‌رته‌وازه‌یی ناوماڵی كورد ئه‌وه‌نده‌ی دیكه كوردی بێهێزكرد، به‌ڵام به‌مدواییانه له‌سه‌ر پرسی بودجه، هه‌رپێنج فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق یه‌كده‌نگ و هاوڕان، ئێمه ده‌زانین كه عه‌بادی ته‌نیا كات به‌فیرۆ ده‌دات و شه‌ڕی ده‌روونی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانیش له تێپه‌ڕاندنی پرۆژه یاسای بودجه‌ی گشتی، كه بڕیاره سێشه‌ممه‌ی داهاتوو خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده گوتی: "من هیچ متمانه‌یه‌كم به په‌رله‌مانی عێراق نییه، چونكه هه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانه‌یه كه هۆكاری سه‌ره‌كی بوو له بڕینی قوتی خه‌ڵك و هه‌میشه یاساكان له دژی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد په‌سه‌ند ده‌كات".
سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ئه‌و پێشمه‌رگه دیلانه‌ی كه له‌كاتی شه‌ڕدا كه‌وتبوونه ده‌ست چه‌كدارانی داعش و، دواتر له‌كاتی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش و سوپای عێراق كه‌وتبوونه ده‌ست هێزه عێراقییه‌كان و ئێستا له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه وه‌ك تیرۆر له‌قه‌ڵه‌م دراون و زیندانیكراون، ئه‌شواق جاف كه خودی خۆی ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته كردووه، گوتی: "لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌و پێشمه‌رگه دیلانه به‌رده‌وامن و تائێستا دوو قۆناغ بڕاون، له قۆناغی سێیه‌میشدا پێویسته چه‌ند دیدارێك له‌ناو شاری موسڵ ئه‌نجام بده‌م، بۆئه‌وه ته‌واوی گرێ كوێره‌كانی به‌رده‌م ئه‌م بابه‌ته بكرێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌زانم ئه‌وه‌یه كه 6 كه‌س له‌و پێشمه‌رگانه له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌سێداره دراون، ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان چاره‌نووسیان نادیاره".
H.B