كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی ده‌ستیپێكرد

گفتوگۆ لەسەر بەركەوتەی یەكێتی دەكرێت

K24 - ھەولێر

كەمێك پێش ئێستا، شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان گەیشتە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام و كۆبوونەوەی نێوانیان، بۆ تاوتوێكردنی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد.

ئاراس ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی و یەكێتیدا، گفتوگۆ لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەكرێت. ھەروەھا تاوتوێی بەركەوتەی یەكێتی لە حكوومەت دەكرێت. پێشتر یەكێتی داوای چەند پۆستێكی لە پارتی كردبوو، ئەمڕۆ شاندی پارتی لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ لەگەڵ شاندی یەكێتی دەكات".

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "ئەگەر ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن، شاندی پارتی داوا لە یەكێتی دەكات فراكسیۆنەكەیان بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان بكات".

پەیامنێری كوردستان24 ئەوەشی زانیوە: "یەكێتی داوای 24%ی پۆستەكانی حكوومەتی لە پارتی كردووە، پارتیش پێی وایە ئەو رێژەیە زۆرە، چونكە یەكێتی 21 كورسیی پەرلەمانی ھەیە".

شاندی پارتی پێكھاتووە لە كەمال كەركووكی، كاكەمین نەجاڕ، عەلی حوسێن، ھێمن ھەورامی، عەلی عەونی، فرسەت سۆفی، دڵشاد شەھاب. شاندی یەكێتی بریتین لە عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو كۆسرەت، لاھور شێخ جەنگی، عەدنان حەمە مینە،لەتیف شێخ عومەر.

ھ.م