بەرھەم ساڵح باس لە گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی دەكات

ئەمڕۆ لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەوامی كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرھەم ساڵح، دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بۆ میدیاكانی ئەو حزبە دەدوێت، ھاوكات كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی باس لە گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح دەكات.

بەرھەم ساڵح، لەو لێدوانە رۆژنامەوانیەدا بۆ میدیاكانی یەكێتی دەڵێت: "لە ناخۆشترین دۆخی نێوان من و ھەندێك لە برادەرانی سەركردایەتی یەكێتی، جگە لە رێز و خۆشەویستیمان بۆ مێژوویی یەكێتی و رۆڵی جەنابی مام جەلال ھیچی دیكەمان نەگوتووە، كێشە و گرفتمان لەسەر جۆری حوكمڕانی ھەبووە و كێشەی شەخسیمان نەبووە".

دەشڵێت: "بە سوپاسەوە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار بەربژێر كراوم، ئەگەر ئەو شەرەفەم پێ بسپێردرێ دەبێ نوێنەری ھەموو حزبەكان و خەڵكی كوردستان بم".

ھەروەھا كۆسرەت رەسوڵ لەبارەی گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی گوتی: "سوپاسی پێشنیازی دكتۆر بەرھەم بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو حزبەكەی خۆی دەكەم، ئەو رێككەوتنەمان لەگەڵ برادەرانی ھاوپەیمانی دژی ھیچ لایەنێك نییە و بەڵكو دەمانەوێت ماڵی كورد رێكخەینەوە".

دوێنێ 19/9/2018 ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پێشنیازی بەرھەم ساڵحی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرد و ھەروەھا وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاریكرا.