ئاو ھەڕەشە لە گەورەترین گوندی عێراق دەكات

داوا دەكرێت حكوومەت بەنداوێك دروست بكات
kurdistan24.net

K24 - دیالە

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی دیالە، بەشێک لە باخەکانی سنوورەکە ژێر ئاوکەوتوون، مەترسیی ئەوەش هەیە گەورەترین گوندی عێراق ژێرئاو بکەوێت، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییان بە ناچاری بەرهەمی باخەکانیان لێدەکەنەوە و بە نرخێکی هەرزان دەیفرۆشن، باخەوانێکیش کە بۆ کوردستان24 دوا دەڵێت "کاتێک وڵات تووشی مەترسی دەبێتەوە، کاربەدەستان دێنە ماڵ و کوڕەکانمان دەبەن بۆ شەڕکردن، بەڵام کاتێک ئێمە تووشی مەترسی دەبین، کەس لێمان ناپرسێت".

بەشێک لە دار پرتەقاڵەکانی سنووری دیالە بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی دیاله‌، ژێر ئاوکەوتوون، تەواوی ئەو باخانەش کە کەوتوونەتە نزیک ئاوەکە، هەمان مەترسییان لەسەرە.

عەبدولزەهرا، نزیکەی چل ساڵە باخەوانە، ئەگەرچی بەرهەمی ئەمساڵی بەدڵە، بەڵام ترسی بن ئاوکەوتنی باخەکەی ناچاری کردووە، بەرهەمەکەی بە جارێک لێبکاتەوە، ئەمەش گرفتی ساخکردەوەی لە بازاڕ بۆدروست کردووە و ناچارە بە نرخێکی هەرزان بیانفرۆشێت. ئەو دەڵێ: "ئاوەکە جێگەی مەترسییە، ئەگەر ئەوە نەبووایە، پەلەمان لە لێکردنەوەی بەرهەمەکانمان نەدەکرد، ئاوەکە نزیکە لێمان و ئەگەر بگاتە باخەکانمان، ئه‌وا ناتوانین بەرهەمەکانمان بگوازینەوە، زیانی زۆرمان کردووە، ئەوەی روودەدات کارەساتە، ماندووبونی ئەمساڵمان بەفیڕۆ چوو، ئەمەوێ تێبگەم دەوڵەت ئیشی چییە؟ ئەوکاتەی بتانەوێ خەڵک بەرگری لە نیشتمان بکات، دێن، به‌ڵام كه‌ ژیانمان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسی، نایەنە ماڵەکانمان؟ بۆچی کێشەکانمان چارەسەر ناکەن، وەرن سەیری حاڵمان بکەن، بەنداو دروست بکەن".

تەنیا باخەکان نین کە مەترسیی ژێرئاوکەوتنیان لەسەر بێت، بەڵکو گەورەترین گوندی عێراقیش، کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی چواردە هەزارکەس دەبێت، چاوەڕوانی روودانی کارەساتێک دەکەن، چونکە بە گوتەی دانیشوانی گوندەكە، تەنیا لە ماوەی مانگێکدا پێنج مەتر ئاستی ئاوی زێی دیاله‌ بەرزبۆتەوە.

گوندی هوێدر لە سێ لاوە ئاو گەمارۆی داوە، بۆیە رۆژانە بەشێک لە کاتەکانیان بۆ چاودێریکردنی ئاستی  ئاوەکە تەرخان دەکەن.

فایەق هاشم، خەڵکی گوندی هوێدر بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەدان ماڵ لە گوندی هوێدەر کەوتووەتە ناوەڕاستی زێی دیالەوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر هاووڵاتییان و باخەکان دروست ده‌كات، ئێستا ئێمە بە ئاگادارییەوە چاودێریی هاتنە ژوورەوەی ئاو دەکەین، نەک تەنیا بۆ ناوباخەکان، بەڵکو بۆ ناو مەڵەکانیشمان، چونکە لە هەموو ئاراستەکانەوە ئاو گەمارۆی داوین، ئەگەر ئاستی ئاوەکە زیاتر بەرزبێتەوە، مەترسییەکی گەورە لەسەر خەڵکی گوندەکە دروست دەکات".

لە ساڵی 1987 بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی دیالە، ماڵ و باخەکانی گوندی هوێدر ژێرئاو کەوتن، چاوەڕوان دەکرێت بارانبارینی بەخووڕی ئەمساڵیش، دیمەنی 30 ساڵی رابردوو دووبارە بکاتەوە.

ھ.م