كچە ئەڵمانێك 50 جۆری گۆڤەندی كوردی دەزانێت

ھەڵپەڕکێی کوردی لە سەمای ئەڵمانی بە گەرمترو خۆشتر دەزانێت
kurdistan24.net

K24 - بەرلین

کچێکی ئەڵمان ماوەی ھەشت ساڵە لە گرووپێکی ھەڵپەڕکێی کوردی لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دیلانی کوردی دەکات و نزیکەی پەنجا جۆر گۆڤەندی کوردی دەزانێت. ئەو کچە دەیەوێت ببێتە مامۆستای گۆڤەندی کوردی و زۆرترین جۆری ھەڵپەڕکێی ھەموو ناوچەکانی کوردستان فێر ببێت. ئەو ھەڵپەڕکێی کوردی لە سەمای ئەڵمانی بە گەرمترو خۆشتر دەزانێت.

سۆنیا شترێکە، كچێكی تەمەن 28 ساڵی ئەڵمانە و ئەندامی گرووپێكی ھەڵپەڕكێی كوردییە ئەو بە كوردستان24 گوت: "زۆر جۆری ھەڵپەڕکێی باکووری کوردستان دەزانم لەوانە شەمامێ، چەپکی، دەلیلۆ. گۆڤەندی رۆژئاوای کوردستانیش بۆ نموونە باگیێ ھەندێک ھەڵپەڕکێش ھەن دەزانم، بەڵام ناوەکانیان نازانم و ناشزانم ھی چ ناوچەیەکن. ئەوانەی باشووری کوردستانیش بە شێوەیەکی سەرەکی جەمیلا دەزانم، ڕاستە ھەروەھا سێ پێیش دەزانم".

گوتیشی: "ئامانجی سەرەکیم لە ھەڵپەڕکێی کوردی ئەوەیە کە چێژی لێوەرگرم و زۆرترین سەمای کوردی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان فێربم. لە زووەوە خەونی ئەوەشم ھەبووە ببمە مامۆستای ھەڵپەڕکێی کوردی ئەگەر ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێت دەیکەم".

لە گرووپی ھەڵپەڕکێیی گۆڤەنداکی، کە گرووپێکی گۆڤەندی کوردی ئینتەرناسیۆنالە نزیکەی 50 جۆری ھەڵپەڕکێی کوردی دەکرێن. بەڕێوەبەری گرووپەکە رایدەگەیەنێت، کە زۆر لە ئەندامانی گرووپەکەیان ئەڵمان و ئەوروپین و کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستانیش بەشداری لە ھەڵپەرکێکانیان دەکەن.

لە زۆربەی شارەکانی ئەڵمانیا گرووپی ھەڵپەرکێی کوردی ھەن و کوردو ئەڵمان و خەڵکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا بەشداری لە دیلانەکانیاندا دەکەن و لە بۆنە و ئاھەنگە کوردی و ئەڵمانیەکانیش بەشدار دەبن و کلتووری کوردی لە رێگەی سەماوە بە ئەڵمان و بیانیەکان دەناسێنن.

ھ.م