ھەدەپە و دەمیرتاش دوا قسەی خۆیان دەكەن
K24 - توركیا
ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان کۆتایی دێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش، كاندیدی ھەدەپە بۆ سەرۆكایەتی توركیا، دوایین پەیامی لە زیندانەوە بڵاوكردەوە و ھەدەپەش كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بەرفراوان رێكدەخات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، كاندیدی پارتی دیموكارتی گەلان (ھەدەپە) بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە گرتووخانەی ئەدیرنەوە پەیامێكی دەنگیی بڵاوكردەوە، لەو تۆمارە دەنگییەدا دەمیرتاش، داوا لە دەنگدەران دەكات، تا ئەنجامە فەرمییەكانی ھەڵبژاردن بڵاودەكرێنەوە، سندووقەكانی دەنگدان بپارێزن.
شارەزایانی بواری ھەڵبژاردن رایدەگەیەنن، دەنگەكانی كورد كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردن دەبێت، بە بڕوای شارەزایان، لە ساڵی 1923 وە تا ئێستا، ھەڵبژاردنی ھەرە گرنگ، ئەم ھەڵبژاردنەی توركیایە.
بە تێپەڕبوونی كات، پەیام و بەڵێنەكانی پارتە سیاسییەكانیش دەگۆڕێن، ھەندێك پارت دەیانەوێ لەگەڵ كات برۆن، ھەندێكی دیكە دەیانەوێ دەستكەوتەكانیان بپارێزن، زۆر پارتی سیاسیش دوای ھەڵبژاردنەكان و بە تێپەڕبوونی كات، بەڵێنەكانیان لەبیر دەكەن.
پارتی سەعادەت خوێندنی بە زمانی كوردی كردووەتە بابەتی گەرمی بانگەشەكانی و كاندیدێكی ئەو پارتە رایدەگەیەنێت، خوێندن بە زمانی كوردی ھەنگاوی دەستپێكیان دەبێت. بەڵام ھەدەپە پێی وایە مافەكانی كورد لە باكووری كوردستان تەنیا بە خوێندن بە زمانی كوردی پەیوەست نین و بەكارھێنانی ئەو بابەتە تەنیا بۆ بانگەشە و كۆكردنەوەی دەنگی كوردە.
بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا دوو هاوپه‌یمانێتی سه‌ره‌كی هه‌ن كه بریتین له هاوپه‌یمانێتی كۆماری ھەریەك لە حزبه‌كانی پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئاكەپە) و پارتی نه‌ته‌وه‌یی توركیا (مه‌هه‌په) و هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانێتی میلله‌ت كه بریتین له حزبه‌كانی پارتی گه‌لی كۆماری توركیا (جه‌هه‌په) و سه‌عاده‌ت و ئیی پارتی.
له‌م رووه‌وه هاوپه‌یمانێتی ئاكەپە و مه‌هه‌په ره‌خنه له هاوپه‌یمانێتی میلله‌ت ده‌گرن و ده‌ڵێن، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه بێ بنه‌مایه و ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای دژایه‌تیكردنی ئه‌ردۆغان دروست بووه.
سدیق ئەرەن، پەیامنێری كوردستان24 لە شاری وانی باكووری كوردسیتان ریاگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ لە دوا رۆژی بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانی توركیا، پارتی دیموكارتی گەلان (ھەدەپە) كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بەرفراوان لە شاری وان ئەنجامبدات.
گوتیشی: "لە كاتژمێر 5ی ئێوارەی ئەمڕۆوە وادەی بانگەشەكردنی پارتە سیاسییەكان كۆتایی دێت و سبەی پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان دەست پێدەكات".
ھ.م