زارا به‌ دوو گۆرانى كورديى فێستيڤاڵى ميوزيكى مۆسكۆ به‌جۆش ده‌هێنێت

هه‌ردوو گۆرانیيه‌كانی‌ نوێن و بۆ یه‌كه‌مجاره‌ پێشكه‌شیان ده‌كات

K24 – مۆسكۆ:

خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی كوردی رووسیا و باڵوێزی ئاشتی له‌ رێكخراوی یونسكۆ (زارا پاشا مه‌حۆ) له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ دووه‌مین فێستیڤاڵی موزیكدا له‌ شاری مۆسكۆ، به‌ دوو گۆرانی كوردی ئاماده‌بووانی فێستیڤاڵه‌كه‌ی سه‌رسام كرد.

زارا له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا له‌ باره‌ی به‌رهه‌مه‌ نوێییه‌كانی بۆ‌ كوردستان 24 رایگه‌یاند،‌ هه‌ردوو گۆرانیيه‌كانی‌ نوێن و بۆ یه‌كه‌مجاره‌ پێشكه‌شیان ده‌كات.

له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ئاماده‌یبوون، باوكی زاراش كه‌ له‌ناو ئاماده‌بووان گۆرانییه‌كانی كچه‌كه‌ی تۆمار ده‌كرد، تایبه‌ت به‌ كوردستان 24 جه‌ختی له‌سه‌ر شانازیكردن به‌ كچه‌كه‌یه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ له‌ گۆرانییه‌كه‌یدا ده‌یگوت، "ئه‌ز كه‌چا كوردم".

فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ناوی "میوزیك له‌ناخی ئێمه‌دا" له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كلتووری رووسیاوه‌ رێكخرابوو، ئامانج لێی ناساندن و لێكنزیككردنه‌وه‌ی كلتووره‌ جیاوازه‌كانی ناوه‌وه‌ی رووسیایه‌، ساڵانه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلول ئه‌و فێستیڤاڵه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ساڵی رابردووش ئه‌و خانمه‌ هونه‌ر‌مه‌نده‌ كورده‌ به‌ گۆرانیيه‌كی كوردی به‌شداری له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌دا كردبوو، بۆ ئه‌مساڵیش به‌ پێشكه‌شكردنی دوو گۆرانی كوردی، هه‌وادارانی سه‌رسامكرد. 

http://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/799a2a4e-0805-4e64-8d51-11d17038b14c/zara.ism/manifest