هه‌سه‌ده‌ 16 گوند له‌ دێرزوور كۆنتڕۆڵ ده‌كاته‌وه‌

شەڕڤانان بەرەو ناوەندی دارایی و سەربازی داعش پێشڕەوی دەكەن
kurdistan24.net

K24 - دێرەزوور

شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "باهۆزی جزیره‌"، 16 گوندیان لە رۆژھەڵاتی فوڕات لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار كرد.

میدیای هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ئاشكرای كرد، شەڕڤامنان  له‌ به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنی باهۆزی جزیره‌ له‌ گونده‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فورات، توانیان هه‌زارو 100 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كۆنتڕۆڵ بكه‌ن.

ھەر پەیوەست بەو باسە لیلوا عەبدوڵڵا، گوتەبێژی فەرمی ئۆپەراسیۆنی باھۆزی جزیرە بە كوردستان24 راگەیاند، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سنووری سووریا و عێراق له‌ داعش پاك بكه‌نه‌وه‌.

گوتیشی: "شارۆچكەی دشیشە دوایین دەڤەرە كە ھێزەكانی سووریای دیموكرات كۆنترۆڵیان كردووە، ئامانجی سەرەكی ئۆپەراسیۆنەكەمان ئەوەیە سنووری سووریا- عێراق لە چەكدارانی داعش پاك بكەینەوە".

لیلوا عەبدوڵڵا، ئەوەشی خستەڕوو: "دوای دشیشە ھێزەكانمان بەرەو بیابان رۆژھەڵات پێشڕەوی دەكەن، كە داعش ئەو بیابانەی وەك ناوەندێكی دارایی و سەربازی بەكاردێنێ".

ھ.م