شارەزایانی ئەمریکی: حەشدی شەعبی مەترسی بۆسەر داهاتووی عێراق هەیە

داوای هەڵوێستی جدی دژی حەشدی شەعبی لە کۆشکی سپی دەکەن
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

شارەزايانی سياسەت لە ئەمريکا دەڵێن، حەشدی شەعبی مەترسیی داهاتووی ئەمن و ئاساييشە لە عێراق و سووريا و وڵاتانی دەوروبەر، بۆيە دەبێ ئەمريکا لەبارەی حەشدی شەعبيەوە زۆر جدديانە هەڵوێست بنوێنی و حکومەتی عێراقيش هۆشيار بکاتەوە ئەم گرووپانە تەشەنە نەکەن.

کڵيف مای، دامەزرێنەر و سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکيکردن لە ديموکراسيەکان  لە واشنتن، دەستدرێژی و تاوانەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچەکوردستانيەکانی دەرەوەی ئيدارەی هەرێم، بە هەنگاوەکانی يەکەمی پيلانێکی لەمێژ داڕێژراو دادەنێت کە  لەنێوخۆ و دەرەوی هەرێمی کوردستان ئامادەكراوە ئەو كوردستان24 گوت: "لەدەستدانی کەرکووك جێگەی داخە، من بڕوای تەواوم بەوە هەيە کە خواستی کورد بۆ سەربەخۆ بوون مافێکی رەوايە، پێم وايە ئەمريکا دەستیپێکردووە لە نەهێشتنی تەشەنەی دەستێوەردانەکانی ئێران و خواستەکانيان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان و سووريا و يەمەن، كە ئەمە هەمووی دژی بەرژەوەنديەکانی ئێمەيە".

ھەر سەبارەت بەم باسەوە بێڵ رۆجيۆ، ئەندامی باڵای دامەزراوەی داکۆکيکردن لە ديموکراسيەکان و شارەزای بواری گرووپە تيرۆريستيەکانە گوتی: "ئەم پيلانە هيچ پەيوەنديێکی بە ريفراندۆمی هەرێمی کوردستانەوە نيیە، بەڵکو بەغدا بە هاوکاری هەندێك وڵاتی دیكە دەمێکە دەيانەوێ کورد بگەڕێننەوە بۆ دۆخی لەدەستدانی مافەکان و مەينەتییەکانی جاران، بەڵام ئەمە هەرگيز سەرناگرێت چونکە پێگەی کورد ئەمڕۆ زۆر جياوازە لەگەڵ دەيەکانیدیكەی رابردوو".

گوتیشی: "ئەگەر حکومەتی عێراق بەردەوام بێت، لە پێدانی چەکەکانی ئەمريکا بە حەشدی شەعبی و بەردەوام بوونی ئەم هێزانە لە پەلاماردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا بێگومان ئەمريکا دەبێت هاوکاری سەربازی و ماددی و پاڵپشتيەکانی بۆ عێراق رابگرێت".