ھەڵەبجە پێویستی بە پزیشكی پسپۆڕ و كارمەندی تەندروستییە

خراپی كەرتی تەندروستی یەكێكە لە گرفتەكانی ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

بەشێك لە دانیشتووانی پارێزگای ھەڵەبجە نیگەرانن لە نەبوونی نەخۆشخانەی پێویست و كەمی پزیشك و كارمەند، بۆ ئەوەی لە شارەكە چارەسەری نەخۆشەكان بكرێت نەك ببرێنە شارەكانی دیكە، وەك ھاووڵاتییان دەڵێن ئەمە گرفتی بۆ دروستكردون و بەھۆی نەبوونی چارەسەر و پزیشك،  نەخۆشەكان ھەموویان رەوانەی شاری سلێمانی دەكرێن.

زاھیر حەمە عەلی، دانیشتووی ھەڵەبجەیە و تەمەنی 48 ساڵە، چەند رۆژێك لەمەوبەر نەخۆش دەکەوێت و کەسوکارەکەی دەیگەیێنە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە، لەدوای پشکنین بەکەسوکارەکەی گوتراوە جەڵدەی دڵ لێیداوە دەبێ بە ئەمبۆڵانس بیبەنە سلێمانی، كاتێك دەیگەیەننە سلێمانی لەوێ پێی دەڵێن تەنیا قۆڵۆنی ھەیە و جەڵتەی دڵ لێی نەداوە. ئەو دەڵێ: "درەنگانی شەو گەیەندرامە نەخۆشخانەیەكی سلێمانی و ھەمان پشكنینم بۆ كراوە، بەڵام ئەنجامەكەی پێچەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ھەڵەبجە بوو".

لەسەر ئەو ھەڵە پزیشکییەی کە لە کەیسی زاھیر روویداوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە دەڵێت "پێویستە ئەو پزیشکە پاداشت بکرێ، چونکە لەسەر ئەو بنەمایەی کە جەڵدە لێیدابێ چارەسەری نەکردووەو رەوانەی سلێمانی کردووە".

ئەگەرچی ھەڵەبجە پارێزگایەکی نوێیە لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا بەپێی پێویست پزیشکی پسپۆڕ و کارمەند و بینای نەخۆشخانەی گونجاوی نییە، ئەمەش وایكردووە ھەر كەسێك روو لە نەخۆشخانەكە بكات، رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی دەكەن.