عه‌بادی نایەتە ژێربار

ئامادەنییە لەگەڵ فوئاد مەعسووم و جبووری كۆببێتەوە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

پرسی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، تائێستا لەسەر دانیشتنی نێوان سێ سەرۆكایەتییەكه‌ی عێراق ماوەتەوە و ئەندامێكی كوردییش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایدەكات، كە عەبادی بە روونی بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی گوتووە، ئامادە نییە لەسەر پرسی بودجە لەگەڵ دوو سەرۆكایەتییەكە كۆببێتەوە.

بێریوان خەیلانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "حەیدەر عەبادی، رەزامەندی دەرنەبڕی بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی كورد لە لیژنەی دارایی لەبارەی بودجە، كە پێشتر قسەی لەسەر كرابوو بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە بكرێت كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەك تێبینی لەسەر بودجە خستوویانەروو، عەبادی گوتویەتی با ئەو كێشانە لە پەرلەمان چارەسەر بكرێن".

ھەر سەبارەت بەو پرسە زانا رۆستایی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "دەبێ دەنگدان لەسەر یاسای بودجە بە رێككەتن بێت، چونكە یاسای بودجە وەك یاساكانی دیكە نییە، ئەگەر بیانەوێت ئەو یاساییە بە زۆرینە و كەمینە تێپەڕێنن، ئەمە نادادپەروەرییەكی زۆرە بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان دەكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیاربوو لەم ھەفتەیە ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق، بۆ یەكلاكردنەوەی یاسای بودجە كۆببنەوە.

پێشتر فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق رایانگەیاندووە، كە داواكانی كورد لە بودجە لەبەرچاو نەگیراون، بۆیە بایكۆتی ھەر كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی عێراق دەكەن كە باس لە یاسای بودجە بكرێت.

H.M