زۆری مزگەوت كێشە بۆ وەزارەتی ئەوقاف دروست دەكات

"ھەندێك وتاربێژ ململانێ دروست دەكەن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

زۆری ژمارەی مزگەوت لە شاری سلێمانی و دەوروبەری کێشەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف دروستکردووە. بەھۆی دانەمەزراندنی خوێندکارانی کۆلیژی شەریعە، ناتوانرێت وەك پێویست وتاربێژو پێشنوێژ بۆ مزگەوتەكان دابین بكرێت.

فەرەیدون غەریب، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ساڵانە زیاتر لە چوار جار لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژەكان كۆدەبینەوە و رێنماییەكانیان پێدەدەین، بەڵام كێشەمان ئەوەیە پێشنوێژ و وتاربێژ و خزمەتگوزارمان كەمە".

کۆمەڵگەی کوردی بە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی دادەنرێت و زۆرینەی ھاووڵاتیان لە پەیڕەوانی ئایینی ئیسلامن، بۆیە وتاری مامۆستایانی ئایینی کاریگەری راستەخۆی دەبێت لەسەر خەڵك، زۆر لە مامۆستایانی ئایینی داوا دەکەن وتاربێژی مزگەوتەکان زۆر بە ئاگاییەوە مامەڵە بکەن، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی وتارەکانی رۆژانی ھەینی، دوور بکەونەوە لە پرسە سیاسییەکان.

لەوبارەوە ھەڤاڵ سەیفەدین، مامۆستای ئایینی دەڵێت: "ھەندێك وتاربێژ زۆر تیشك دەخەنە سەر پرسە سیاسییەكان، پێویستە مامۆستایانی ئایینی لایەنە روحییەكان باس بكەن، بۆ ئەوەی خەڵكی فێری رێزگرتن و خۆشەویستی بێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا زۆریان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری سیاسییەكان و ململانێ دروست دەكەن".

لە شاری سلێمانی و قەزاو گوندەکانی ئەو پارێزگایە ھەزار و 970 مزگەوت ھەیە، کە زۆربەیان پێویستیان بە وتاربێژو پێشنوێژە، تا بەپێی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف ئامۆژگارییە ئاینییەكان بگەیەننە خەڵك، ئێستا زیاتر لە 400 كەسی خۆبەخش، بەشێك لە مزگەوتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەبەن.

ھ.م